دانیشتوانی کابوڵ دەڵێن تەقینەوەیەک کە وادیارە بەهۆی بۆمبی چێندراوەوە بووبێت ناوچەیەکی ڕۆژئاوای کابوڵی کردۆتە ئامانج و ژمارەیەک قوربانی لێکەوتۆتەوە.
دوکاندارێک لە ناوچەی کۆتێ سانگی وتی " سەرقاڵی کڕیارەکان بووم کاتێک تەقینەوەیەک دوکانەکەی هەژاند، خەڵکم بینی قوربانیەکانیان لە شوێنی تەقینەوەکە هەڵدەگرتەوە، نازانم مردبوون یاخود برینداربوون."
کەناڵی هەواڵی تۆلۆ لە زاری بەرپرسێکی ئاسایشەوە تەقینەوەکەی پشتڕاستکردەوە و وتی تەقینەوەکە ڕوویداوە بەڵام هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە.
ئەم تەقینەوەیە دوو ڕۆژ دوای ئەوە دێت بۆمبێکی موگناتیسی لە ڕۆژئاوای کابوڵ بە پاسێکدا تەقیەوە و کوژراو و برینداری لێکەوتەوە، داعشیش بەرپرسیارێتی ئەو تەقینەوەیەی ڕاگەیاند.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز