Accessibility links

ئێران دەڵێت دەبێت ئەمەریکا نیازپاکی پیشان بدات بۆ گفتوگۆ ڕاستەوخۆکان


وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرابدوڵاهیان
وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرابدوڵاهیان

وەزیری دەرەوەی ئێران وتی تاران ئامادەیە زیندانییەکان لەگەڵ ئەمەریکادا بگۆڕێتەوە، ئاماژەشی بەوەدا گفتوگۆکان بۆ زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015 دەکرێت " لە ماوەیەکی زۆر کورتدا " سەرکەوتوو بن ئەگەر ئەمەریکا بیەوێت بڕیارە سیاسییە پێویستەکان بدات.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕۆیتەرز ئاماژەی بەوەدا ئێران و ئەمەریکا لە گفتوگۆکانی ڤییەنادا نزیک بوونەتەوە لە ڕێکەوتنێک، ئەمەش دوای چەند مانگێک لە گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە. لە ڕەشنووسی ڕێکەوتنەکەدا بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ باس لە ڕێوشوێنەکانی دیکەش کراوە، لەوانە گەڕاندنەوەی ملیاران دۆلاری ئێران لە بانکەکانی کۆریای باشوور و ئازادکردنی ئەو هاوڵاتیە بیانیانەی کە لە ئێران زیندانیکراون.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرابدوڵاهیان لە پانێڵێکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا وتی " باوەڕمان وایە گۆڕینەوەی زیندانییەکان بابەتێکی مرۆیی بێت، پەیوەندی بە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەوە نیە، دەتوانین دەستبەجێ ئەوە بکەین."

ڕۆبەرت ماڵی کە ڕابەرایەتی شاندەکەی ئەمەریکا دەکات لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکاندا لەگەڵ ئێران لە ڤییەنا، پێشنیاری ئەوەی کرد پێناچێت ڕێکەوتنە ناوەکییەکە زیندوو بکرێتەوە تاوەکو ئێران ئەو چوار هاوڵاتییە ئەمەریکیە ئازاد نەکات کە لەلای خۆی دەستبەسەری کردوون.

لەم ساڵانەی دواییدا سوپای پاسدارانی ئێران دەیان هاوڵاتی بیانی و ئەوانەی کە هەڵگری دوو ڕەگەزنامەن دەستگیرکردووە، زۆرینەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و ئاسایش دەستگیری کردوون. چالاکەوانەکانی مافەکانی مرۆڤ دەڵێن تاران زیندانییەکان وەکو کارتێکی فشاری سیاسیی بەکاردەهێنێت، تارانیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

لە ڕابردوودا ئێران داوای کردووە زیندانییە ئێرانییەکان لە ئەمەریکا ئازاد بکرێن، لەوانەش ئەو حەوت ئێرانیەی کە ڕەگەزنامەی ئێرانی و ئەمەریکیشیان هەیە، دوو ئێرانی دیکە کە دانیشتووی هەمیشەیی ئەمەریکان و چوار هاوڵاتی ئێرانی دیکە کە هیچ پێگەیەکی یاساییان لە ئەمەریکادا نیە.

زۆرینەیان بە تۆمەتی پێشێلکردنی سزاکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران دەستگیرکراون.

کاتێکیش پرسیاری لێکرا سەبارەت بەوەی کە ئایا تاران ئامادەیە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا ئەنجام بدات، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەوەی بەدوور نەزانی.

وتی " داوای کۆبوونەوەی ڕاستەوخۆیان کردووە، ئەگەر نیازەکانی واشنتن پاک و ڕاست بن، دەبێت هەندێک هەنگاوی نیازپاکی پیشان بدەن، لەوانەش گەڕاندنەوەی سامانە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە."

سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ئەمیرابدوڵاهیان وتی " دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە ئێمە ئامادەین بۆ ڕێکەوتنێکی باش، لە کەمترین کاتدا، ئەگەر لایەنەکەی دیکە بڕیارە سیاسییە پێویستەکان بدات."

وتی " ئەگەر گفتوگۆکان لە ڤییەنا شکست بێنن، وڵاتانی ڕۆئاوا بەرپرس دەبن لە شکستەکەی چونکە ئێمە ڕێکەوتنێکی باشمان دەوێت."

دوای 10 مانگ لە گفتوگۆکان، یەکێک لەو کێشانەی کە هێشتا ماوەتەوە ئەوەیە ئێران داوا دەکات ئەمەریکا گرەنتی بداتێ چیتر لە داهاتوودا سزا و فشار نەسەپێنێت بەسەر تاراندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG