Accessibility links

بەهۆی هەرەسهێنانی زەوییەوە لە ئیندۆنیسیا 15 کەس گیانیان لە دەستداوە


بەرپرسانی کارەساتەکان دەڵێن دوابەدوای باران بارینێکی بەخوڕ و هەرەسهێنانی زەوییەوە لە یەکێک لە دوورگەکانی دەرەوەی ئیندۆنیسیا کە هاوسنوورە لەگەڵ دەریای باشووری چیندا، لانیکەم 15 کەس گیانیان لە دەستداوە و دەیان کەسیش ترسی ئەوە هەیە بێسەروشوێن بووبێتن.

دەزگای نیشتیمانی کەمکردنەوەی کارەساتەکانی ئیندۆنیسیا کۆمەڵێک وێنەی بڵاوکردۆتەوە کە تیایدا قوڕ و پاشماوەی هەرەسهێنانی زەوییەکە خانووەکانی نزیک گردێکی لە دوورگەی دوورەدەستی سیراسان ژێر ئاو خستووە.

بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن دوورەدەستیی ئەو گوندەی کە زەوییەکەی هەرەسی هێناوە لە ناوچەی ناتونای هەرێمی ڕیاو و خراپی کەش و هەوا و پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندی، هەوڵەکانی فریاگوزاری ئاڵۆز کردووە.

بەرپرسی دەزگای گەڕان و فریاکەوتنەکانی ناتونا عەبدول ڕەحمان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " پێمان وتراوە کە 50 کەس بێسەروشوێن بوون، 15 مردووش گواستراونەتەوە."

وتەبێژی دەزگای کەمکردنەوەی کارەساتەکان لە دوورگەکانی ڕیاو وتی بەهۆی پچڕانی هێڵەکانی پەیوەندییەوە قورس بووە نوێترین زانیارییەکان وەربگرین.

بەرپرسەکە وتی " کەش و هەوا پێشبینی نەکراوە. باکە بەهێزە و شەپۆلەکانیش لە ئێستادا بەرزن."

وتەبێژی دەزگای نیشتیمانی کەمکردنەوەی کارەساتە سروشتییەکان عەبدول موهەیری وتی دوانیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە تیمێکی 60 کەسی فریاگوزاری لە بەندەری پێناگی دورگەی ناتوناوە ڕەوانەی ئەو ناوچەیە کراون کە زەوییەکەی هەرەسی هێناوە.

وتیشی پێشبینی دەکات گەیشتن بە دوورگە دوورەدەستەکە سەخت بێت.

وتی " لە کاتی ئاساییدا بە بەلەم پێنج کاتژمێری دەوێت بۆ گەیشتن بەو ناوچەیە."

وتیشی " سبەینێ دەزگای نیشتیمانی کەمکردنەوەی کارەساتەکان فڕۆکەی هێلیکۆپتەر ڕەوانە دەکات بۆ خێراکردنی پڕۆسەی گەیاندنی پێویستییەکان."

شەقامێکی سەرەکیش لە گوندەکە گیراوە، ئەمەش پڕۆسەی گواستنەوەی هاووڵاتیانی قورستر کردووە.

ئیندۆنیسیا زۆرجار لە وەرزی باران باریندا ڕووبەڕووی هەرەسهێنانی زەوی دەبێتەوە، لە هەندێک شوێندا هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ داماڵینی دارستانەکان، هەروەها باران بارینی درێژخایەن بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو لە هەندێک لە ناوچەکانی ئەو وڵاتەدا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG