Accessibility links

بومەلەرزەکەی ئیندۆنیسیا زیاتر لە 160 کەس دەکوژێت و گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا بەردەوامە


ڕۆژی دووشەممە بەهۆی بومەلەرزەیەکی بەهێزەوە لە هەرێمی جاڤای ڕۆژئاوای ئیندۆنیسیا زیاتر لە 160 کەس گیانیان لە دەستدا، تیمەکانی فریاکەوتنیش بەردەوامن لە گەڕان بە دوای ڕزگاربوواندا کە لە ژێر پاشماوەکاندا گیرییان خواردووە.

ناوەندی بومەلەرزەکە لە نزیک شارۆچکەی کیانجور بوو لە هەرێمی جاڤای شاخاوی لە ڕۆژئاوای ئیندۆنیسیا، نزیکەی 75 کم لە باشووری ڕۆژهەڵاتی جاکارتای پایتەختەوە. هەرێمەکە زیاتر لە 2.5 ملیۆن دانیشتووی هەیە.

فەرمانڕەوای جاڤا ڕیدوان کامیل وتی 162 کەس گیانیان لە دەستداوە و 362 کەسی دیکە بریندار بوون.

ڕیدوان بە ڕۆژنامەنووسانی وت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەکی زۆر لە بیناکان ڕووخاون، ڕەنگە ژمارەی قوربانییان زیاتر ببێت.

وتی " دانیشتوان هەن لە هەندێک شوێندا گیرییان خواردووە، لەبەر ئەوە پێمان وایە بە تێپەڕبوونی کات ژمارەی گیان لە دەستدانەکان و بریندارەکان زیاتر دەبن."

دەزگای کارەساتەکانی ئیندۆنیسیا دەڵێت زیاتر لە 2200 ماڵ زیانییان بەرکەوتووە و زیاتر لە 5300 کەسیش ئاوارە بوون. ڕیدوان وتی ژمارەی ئاوارەبووەکان 13,000 کەسن و بە ناوەندەکانی گواستنەوەدا لە کیانجور بڵاودەکرێنەوە.

بەرپرسان دەڵێن هێڵەکانی کارەبا پچڕاون و بەهۆیەوە پەیوەندییەکان تێکچوون، خلیسکانی زەوییەکەش لە هەندێک شوێندا ڕێگەی گواستنەوەی هاوڵاتیانی گرتووە.

سەدان لە قوربانییەکان لە شوێنی وەستانی ئوتومبێلەکانی نەخۆشخانەکەدا لە ژێر خێمەکاندا چارەسەرییان وەرگرتووە. لە شوێنەکانی دیکەی کیانجوریش دانیشتوان لە شوێنە کراوەکاندا بە بەتانی خۆیان داپۆشیوە یاخود لە خێمەکاندا دانیشتوون، بیناکانی دەوروبەریشیان سەرجەمییان ڕووخاون.

لە ساڵی 2014 دا بومەلەرزەیەک بە گوڕی 9.1 لە دوورگەی سوماترایدا لە باکووری ئیندۆنیسیا و بەهۆیەوە تسونامییەک دروست بوو کە لە 14 وڵاتیدا، زیاتر لە 226,000 کەس بە درێژایی کەناری دەریای هیندی گیانیان لە دەستدا، زیاتر لە نیوەیان لە ئیندۆنیسیا بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG