Accessibility links

ئەڵمانیا دوو دیبلۆماتکاری ڕوسی دەردەکات


ئەڵمانیا دوو دیبلۆماتکاری ڕوسی دەردەکات لەسەر ئەوەی دادگایەکی ئەڵمانیا وتی ئەوە ڕوسییەکان بوون لە ساڵی 2019 دا فەرمانی کوشتنی هاوڵاتیەکی ئەڵمانی بە ڕەچەڵەک چیچانیان داوە لە بەرلین.

لە ڕووداوێکی گرنگدا، لە ساڵی 2019 زیلیمخان " تۆرنیکێ " خانگۆشڤیلی " لە پارکێکی بەرلین بە فیشەک کوژرا.

ڕۆژی چوارشەممە دادگایەکی ئەڵمانی ڕایگەیاند ڤادیم کراسیکۆڤی ڕوسی تاوانبارە بە کوشتن و فەرمانی زیندانیکردنی تا هەتایی بۆ دەرکرد. وتی بۆ بەرپرسانی ڕوسی کاریکردووە و ئەوانیش ناسنامەیەکی ساختە و پێداویستی دیکەیان بۆ دابین کردووە.

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئەنالینا بێربۆک وتی " کوشتنەکە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و مەترسیداری یاسا و سەروەری کۆماری فیدڕاڵی ئەڵمانیایە." دواتریش بانگهێشتی باڵیۆزی ڕوسیای کرد لە ئەڵمانیا تاوەکو باس لە دەرکردنی دوو دیبلۆماتکارە ڕوسییەکەی لەگەڵدا بکات.

لە ساڵی 2004 دا خانگۆشڤیلی دەستی هەبوو لە هێرشێکدا بۆ سەر بنکەیەکی پۆلیسی ڕوسیا و لە ئەنجامدا ژمارەیەک لە ئەفسەرانی پۆلیس و هاوڵاتیانی مەدەنی کوژران.

دادوەرەکەی دادگای ئەڵمانیا ئولاف ئاڕنۆڵدی وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە خانگۆشڤیلی بەرپرسە لە گیان لەدەستدانی ئەو خەڵکانە." ئاماژەشی بەوەدا بەرپرسانی ڕوسی " ویستوویانە تۆڵەی هێرشەکە بکەنەوە."

ئاڕنۆڵدی وتی " خانگۆشڤیلی چەند ساڵێک بەر لەوەی بکوژرێت دەستبەرداری شەڕەکەی بووە دژی ڕوسیا. لە ساڵی 2008 ەوە چەکی بە دەستەوە نەگرتووە، ئەمە کردەوەیەکی بەرگریکردن لە خۆ نەبووە لەلایەن ڕوسیاوە. ئەمە هیچ نیە جگە لە کردەوەیەکی تیرۆریستی نەبێت."

لە مانگی دوانزەی ساڵی 2019 دا سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن وتی خانگۆشڤیلی " بکوژ و تیرۆریستە."

لە ساڵی 2015 دا کاتێک لە جۆرجیا دەژیا، خانگۆشڤیلی لە هەوڵێکی کوشتنی ڕزگاریبوو، دواتر ڕۆیشت بۆ ئۆکرانیا و دواتریش بۆ بەرلینی ئەڵمانیا.

باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەڵمانیا ڕەتی کردەوە ڕوسیا دەستی هەبووبێت لە کوشتنی خانگۆشڤیلیدا.

باڵیۆزی ڕوسیا لە ئەڵمانیا سێرگەی نیچایڤ وتی " فەرمانەکە بە نابابەتیانە دەبینین، بڕیارەکە پاڵنەری سیاسیی لە پشتەوەیە و پەیوەندییەکانی نێوان ئەڵمانیا و ڕوسیا لەمەی کە هەیە خراپتر دەکات، ئەمە کردەوەیەکی ناهاوڕێیانە بوو و بەبێ وەڵامدانەوەش تێپەڕ نابێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG