Accessibility links

وڵاتە بچووکەکانی ئەوروپا نیگەرانن سەبارەت بە پلانەکانی ڕاوێژکاری ئەڵمانیا بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پوتندا


ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز دەیەوێت پەیوەندییەکان لەگەڵ مۆسکۆدا ڕێکبخاتەوە و بەنیازە دواتر لەم مانگەدا ڕاستەوخۆ لەگەڵ سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتندا کۆببێتەوە.

بەرپرسانی باڵای ئەڵمانیا پێشتر پلانیان داناوە لە مانگی یەکدا لەگەڵ هاوتا ڕوسیەکانیاندا کۆببنەوە، کۆبوونەوەکانیش بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییە جیۆپۆلێتیکیەکانە، ئەمەش لەنێوەندی نیگەرانیەکاندا سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر ئۆکرانیا.

بەپێی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانیا، ڕاوێژکاری سیاسەتی دەرەوەی ئەڵمانیا یانس پلۆتنەر زیاتر لە دوو هەفتە لەگەڵ کرێملندا لە پەیوەندیدا بووە سەبارەت بە کۆبوونەوەی نێوان ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و سەرۆکی ڕوسیا.

ڕۆژنامەکە کە بەوە بەناوبانگە هەواڵە بەپەلە سیاسییەکانی ناوخۆی ئەڵمانیا بڵاودەکاتەوە، وتی شۆڵز هەوڵی " سەرەتایەکی نوێ " دەدات لە پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕوسیادا و دەیەوێت سەنگ بخاتە سەر سیاسەتی وزە و ئۆکرانیا.

وابڕیارە بەرپرسانی باڵای ئەمەریکا و ڕوسیا لە 9 و 10 ی مانگی یەکدا لە جنێڤ کۆببنەوە و تاوتوێی زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا بکەن لەسەر سنووری ئۆکرانیا، کە بەپێی دەزگاکانی هەواڵگری ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا لەوێ مۆسکۆ نزیکەی 100,000 سەربازی لە سنوورەکە جێگیرکردووە.

ڕوسیا کۆمەڵێک داواکاری ئاسایشی ئاڕاستەی وڵاتانی ڕۆژئاوا کردووە، داوا دەکات هاوپەیمانێتی ناتۆ گرەنتیەکی یاسایی بداتێ لەسەر ئەوەی بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا پەرە نەسەنێت و چالاکییە سەربازییەکانی لەو وڵاتانە ڕابگرێت کە نزیکن لە ڕوسیاوە، بەتایبەتی لە ئۆکرانیا.

بەڵام سەرەڕای لێدوانەکانی ئەمەریکا و هەوڵە سیاسییەکان بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەندێک لە وڵاتە بچووکەکانی ئەوروپا نیگەرانن لەوەی وڵاتە زلهێزەکانی ڕۆژئاوا بەبێ ئەوان لەگەڵ ڕوسیادا ڕێبکەون.

سەرۆکی فیلەندا ساولی نینستۆ داوا دەکات سەرجەم وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بەشدار بن لە گفتوگۆ ئاسایشییەکان لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

هەروەها جەختیشی لەوە کردەوە وڵاتەکەی مافی خۆیەوە بچێتە پاڵ هاوپەیمانێتی ناتۆ ئەگەر بیەوێت، ئەمەش لەلایەن ڕوسیاوە ڕەت کراوەتەوە و یەکێکە لە داواکارییەکانی کە نابێت هاوپەیمانێتی ناتۆ هیچ وڵاتێکی دیکە بە ئەندام وەربگرێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG