Accessibility links

دوو سەرچاوە: ئەڵمانیا " بە مەرج " پێشنیاری دووبارە بنیادنانەوەی بەندەری بەیروت دەکات


دوو سەرچاوە وتیان هەفتەی داهاتوو لەچوارچێوەی هەوڵەکانی ڕۆژئاوادا بۆ ئەوەی سیاسیەکانی لوبنان ڕازی بکەن حکومەتێکی نوێ پێکبهێنن، ئەڵمانیا پێشنیاری پلانی دووبارە بنیادنانەوەی بەندەری بەیروت دەکات بۆ بەرپرسانی لوبنان.

تەقینەوە بەهێزەکەی بەندەری بەیروت لە مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوودا بووە هۆی کوژرانی 200 کەس و برینداربوونی هەزاران کەسی دیکە، هەروەها زیانێکی زۆری گەیاند بە ناوچەکانی دەوروبەری بەندەرەکە و وڵاتەکەی خستە گەورەترین قەیرانی سیاسیی و ئابوورییەوە.

بەپێی دوو سەرچاوەکە کە نزیکن لە پلانەکەوە، ئەڵمانیا و فەڕەنسا هەوڵدەدەن سەرپەرشتی هەوڵەکان بکەن بۆ دووبارە بنیادنانەوەکە، وتیان لە 7 ی مانگی چواردا بەرلین پێشنیارێک بۆ بەرپرسانی لوبنان دەکات کە بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپا ڕازیبووە یارمەتی بدات و بەپێی پلانەکە دەبێت ناوچەکە چۆڵ بکرێت و دامەزراوەکان دووبارە بنیادبنرێنەوە.

یەکێک لە سەرچاوەکان یارمەتیەکانی بانکی وەبەرهێنانی ئەوروپای لە نێوان دوو ملیار بۆ سێ ملیار یۆرۆدا خەمڵاند.

بەرپرسێکی باڵای لوبنانیش وتی ئەڵمانیا پێشنیارێک پێشکەش دەکات بۆ دووبارە بنیادنانەوەی بەندەرەکە.

دوو سەرچاوەکە ئاماژەیان بەوەدا سیاسییەکانی لوبنان سەرەتا پێویستە ڕێکبکەون لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاوەکو چاکسازییەکان ئەنجام بدات و گەندەڵی نەهێڵێت، ئەمەش مەرجێکە وڵاتانی ڕۆژئاوا داوایان کردووە پێش ئەوەی یارمەتی دارایی لوبنان بدەن.

یەکێک لە سەرچاوەکان وتی " ئەم پلانە بەبێ مەرج نیە، ئەڵمانیا و فەڕەنسا سەرەتا دەیانەوێت حکومەتێک ببینن پابەند بێت بە چاکسازییەکانەوە، هیچ ڕێگەیەکی دیکە نیە و ئەمەش شتێکی باشە بۆ لوبنان."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG