Accessibility links

فەڕەنسا و یۆنان بە ڕێکەوتنێکی ستراتیژی بەرگری، تورکیا توڕە دەکەن


کەشتی جەنگی فەڕەنسی ، بێلهارا
کەشتی جەنگی فەڕەنسی ، بێلهارا

یۆنان ڕازیبوو بە کڕینی سێ کەشتی جەنگی پێشکەوتووی فەڕەنسا، یۆنان دەیەوێت لەڕێی ئەم ڕێکەوتنەوە توانا سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەرەوپێشەوە ببات، ئەمەش دوای ماوەیەکی زۆر لە خراپی ئابووری وڵاتەکە کە بۆتە هۆی کەمکردنەوەی بودجەی بەرگری وڵاتەکە.

ئەم ڕێکەوتنە توانا سەربازییەکانی یۆنان زیاد دەکات، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن پێدەچێت ڕێکەوتنەکە ببێتەهۆی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان وڵاتەکە و تورکیا، کە هەردووکیان ئەندامن لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا.

ڕێکەوتنە 5 ملیارییەکە سێ کەشتی بچووکی خێرای بێلهارا و سێ کەشتی جەنگی بچووک لەخۆدەگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەپێی ڕێکەوتنەکە، فەڕەنسا دەتوانێت کەشتیەکی دیکە لە هەردوو جۆرەکە بدات بە یۆنان.

بەرپرسان دەڵێن یەکەمین کەشتیەکان لە سەرەتای ساڵی 2024 دا دەگاتە دەستی یۆنان، ئەوانی دیکەش دوو ساڵ دواتر.

جێگری ئەدمیڕاڵ ستێلیۆس فێنکۆس باس لە گرنگی کەشتیە بچووکە خێراکانی فەڕەنسا دەکات و دەڵێت ئەم کەشتیە پێشکەوتووانە پشتیوانی لە کۆمەڵێک چالاکی دەکەن، لە ئاگاداریدان لە بوونی ژێردەریایی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بۆ هەڵدانی موشەک.

کەشتیە بچووکەکان دەتوانن لە دوورەوە 800 شوێنی سەرەکی ببینن و کار و کاردانەوەیان خێرایە.

فێنکۆس وتی بەم کەشتیانەوە و لەگەڵ هێزی دەریایی یۆناندا، بەرەکانی پێشەوەی سەرانسەری ئاوەکانی وڵاتەکە، لە لوتکەی باکووری ئایگیانەوە تاوەکو باشووری قوبرس، لەنزیکەوە دەپارێزرێن.

جێی ئاماژەیە ساڵی ڕابردوو بە هەمان شێوە یۆنان لەگەڵ فەڕەنسادا ڕێکەوت بۆ کڕینی لانی کەم 18 فڕۆکەی جەنگی نەوەی چوارەمی ڕافالی. ئەم گرێبەستانە بوونەتە هۆی واژۆکردنی ڕێکەوتنێکی ستراتیژی بەرگری لەنێوان یۆنان و فەڕەنسادا.

لەلای خۆیەوە حکومەتی تورکیا دەڵێت ئەم ڕێکەوتنە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتیەکانە.

تورکیا کە چەند ساڵێکی زۆرە ناکۆکی هەیە لەگەڵ یۆناندا سەبارەت بە ڕێڕەوی ئاوی ئایگیان کە دوو وڵاتەکە لە یەک جیادەکاتەوە، پێی وایە ئەم ڕێکەوتنەی نێوان فەڕەنسا و یۆنان یارییەکە لەسەر حسابی ئەو دەگۆڕێت.

پڕۆفیسۆرێکی بواری جیۆسیاسی لە ئەسینا، جۆرج فیڵیس دەڵێت " ئەم گرێبەستانە توانا سەربازییەکانی یۆنان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات، 10 بۆ 15 ساڵ دەیخاتە پێش تورکیاوە. لەکاتێکیشدا کە تورکیا ڕووبەڕووی ئابڵوقەی چەک بۆتەوە لەلایەن وڵاتانی وەک ئەمەریکاوە، هەوڵەکانی بۆ زیادکردنی توانا سەربازییەکانی سنووردارە. تورکیا بە ئاشکرا بەستراوەتەوە."

بەپێی ڕێکەوتنە نوێیە سەربازییەکەی نێوان فەڕەنسا و یۆنان، لەکاتێکدا ئەگەر یۆنان لەژێر هەڕەشەدا بێت و داوای یارمەتی لە فەڕەنسا بکات ئەوا فەڕەنسا یارمەتی سوپای یۆنان دەدات. بە هەمان شێوەش یۆنان یارمەتی سەربازیی فەڕەنسا دەدات لە ئەرکە سەربازییەکانی فەڕەنسادا لە ناوچەکانی سەحارا. ئەگەر پێویست بکات.

فیڵیس ئاماژەشی بەوەدا لەوە دەترسێت ڕێکەوتنەکە ببێتە هۆی زیادکردنی گرژییەکانی نێوان تورکیا و یۆنان.

وتی " هیچ گومانێک لەوەدا نیە ئەم ڕێکەوتنە یارییەکە دەگۆڕێت لە ناوچەکەدا و تورکیاش هەنگاو دەنێت بۆ تاقیکردنەوەی سنوور و توانای ئەم هاوپەیمانێتیە ستراتیژییە نوێیە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG