Accessibility links

تایوان پێشوازی لە یەکەمین شاندی فەڕمی پەرلەمانی ئەوروپا دەکات


تایوان پێشوازی لە سەردانی یەکەمین شاندی فەڕمی پەرلەمانی ئەوروپا کرد بۆ دورگەکە، وتی سەردانەکە گرنگە و نوێترین هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی ئەوروپا لەگەڵ تایواندا، ئەم سەردانەش لەنێوەندی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تایوان و چیندا دێت.

تایوان هیچ پەیوەندییەکی دیبلۆماتی فەڕمی لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا نیە، جگە لە ڤاتیکان نەبێت. بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتەکە دیموکراتخوازەکانی یەکێتی ئەوروپادا بەهێز بکات.

وەزارەتی دەرەوەی تایوان لە بەیاننامەیەکدا وتی " شاندەکە یەکەمین شاندی فەڕمی پەرلەمانی ئەوروپایە بۆ تایوان، کە ئەوەش گرنگییەکی زۆری هەیە."

وەزارەتەکە وتی شاندەکە کە لەلایەن ڕافائیل گلوکسمانی ئەندامی فەڕەنسا لە پەرلەمانی ئەوروپادا ڕابەرایەتی دەکرێت، لەگەڵ بەرپرسانی تایواندا تاوتوێی هەڕەشە ئاڵۆزەکان و زانیاری هەڵە و هێرشە ئەلیکترۆنیەکان دەکەن.

سەردانە سێ ڕۆژییەک لەلایەن لیژنەی دەستوەردانی دەرەکی پەرلەمانی ئەوروپاوە ڕێکخراوە. ئۆفیسی سەرۆکایەتی تایوان لە بەیاننامەیەکدا وتی حکومەت لەگەڵ شاندەکەدا باس لە ئەزموونەکانی خۆی دەکات لە مامەڵەکردن لەگەڵ کێشەکانی وەکو " دەستوەردانی دەرەکی."

گلوکسمان لە بەیاننامەیەکدا بەر لە گەشتەکەی بۆ تایوان وتی " ئەزموونی تایوان لە مامەڵەکردن لەگەڵ هێرشە ئاڵۆز و دووبارەوە بووەکاندا لەڕێی کۆکردنەوەی سەرجەم کۆمەڵگەکەی، بەبێ ئەوەی کۆتوبەند بخاتە سەر دیموکراسیەکەی، نموونەیەییە."

سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێن هۆشیاریداوە لەسەر زیادبوونی هەوڵەکانی چین بۆ کارکردنەسەر دورگەکە و داوای لە دەزگاکانی ئاسایش کردووە بەرپەرچی ئەو هەوڵانە بدەنەوە.

سەردانەکەی شاندەکەی پەرلەمانی ئەوروپا دوای ئەوە دێت مانگی ڕابردوو وەزیری دەرەوەی تایوان سەردانێکی دەگمەنی بۆ ئەوروپا کرد کە بووە هۆی توڕەبوونی چین.

دوای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی تایوان بۆ ئەوروپا، چین هۆشیاریدایە ئەو وڵاتانەی ئەوروپا و وتی بەو کارەیان پەیوەندییەکانیان لەگەڵ چیندا دەخەنە مەترسییەوە.

مانگی ڕابردوو پەرلەمانی ئەوروپا داوایان کرد پەیوەندییەکان لەگەڵ تایواندا بەهێز بکرێت.

ڕۆژی چوارشەممە شاندەکە لەگەڵ سەرۆک وەزیری تایوان سو تسینگ چانگدا کۆدەبێتەوە، دواتر ڕۆژی پێنجشەممە لەگەڵ سەرۆکی تایوان تسای ئینگ وێندا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG