Accessibility links

ئەوروپییەکان " کێشە " دەبینن ئەگەر ئێران جددی نەبێت لە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەدا


دیبلۆماتکارانی ئەوروپا وتیان ئێران دەبێت جددی بێت لە گفتوگۆکانی ئەم هەفتەیەدا سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015، ئەگەر نا ئەوا " کێشەیان " دەبێت.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر تاراندا. لەلای خۆشیەوە ئێران کۆمەڵێک لە بەرپرسیارێتیە سەرەکییەکانی لە ڕێکەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە.

دوای پێنج مانگ لە ڕاگرتنی گفتوگۆکان سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکە، ڕۆژی دووشەممە وڵاتانی ئەندام لە ڕێکەوتنەکەدا گفتوگۆکانیان دەستپێکردەوە.

دیبلۆماتکارانی باڵای فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەڵمانیا بە ڕۆژنامەنووسانیان وت ئەم هەفتەیە گرنگ دەبێت بۆ زانینی ئەوەی کە ئایا ئێران جددییە لە گفتوگۆکاندا سەبارەت بە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنەکە یاخود نا.

بەپێی ڕێکەوتنەکە، ئێران ڕێژەی پیتاندنی یۆرانیۆمی سنووردارکرد کە لە دروستکردنی چەکی ناوەکیدا بەکاردەهێندرێت، لەبەرامبەر ئەوەشدا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان سزا ئابوورییەکانی سەر تاران کەمدەکەنەوە. ئێران دەڵێت بەرنامە ناوەکییەکەی تەنها بۆ هۆکاری ئاشتیانەیە.

هێشتا نازاندرێت کە ئایا ئێران بەردەوامی دەدات بە گفتوگۆکانی مانگی شەش، یاخود لە سەرەتاوە دەستپێدەکاتەوە. دیبلۆماتکارێکی ئەوروپا وتی " هێشتا چاوەڕێی پشتڕاستکردنەوەیەک دەکەین لەسەر ئەوەی ئێران دەیەوێت بەردەوامی بە گفتوگۆکانی مانگی شەش بدات یاخود نا." ئاماژەشی بەوەدا لە سەدا 70 بۆ 80 ی ڕێکەوتنەکە لە مانگی شەشدا تەواو ببوو.

وتیشی " 48 کاتژمێری داهاتوو زۆر گرنگ دەبێت بۆ ئەوەی بزانین لەکوێوە دەست دەکەینەوە بە گفتوگۆکان، هیوادارین لەکوێ گفتوگۆکان پچڕان لەوێوە دەستپێبکەینەوە و چالاک بین. ئەگەر لەم هەفتەیەدا پیشانمانی نەدەن کە جددین، ئەوا کێشەمان دەبێت."

گەورە دانوستکاری ئێران عەلی باقری وتی سەرجەم ئەو شتانەی لە شەش خولەکەی ڕابردوودا لە مانگی چوارەوە بۆ مانگی شەش گفتوگۆیان لەسەر کراوە، دەکرێت دووبارە تاوتوێ بکرێنەوە.

وتی " ئەوەی لە شەش خولەکەی ڕابردوودا قسەمان لەسەر کردووە ڕەشنووسێکی لێکەوتۆتەوە نەک ڕێکەوتن. ڕەشنووسیش قابیلی ئەوەیە قسەی لەسەر بکرێت."

ئەوەشی خستەڕوو " هیچ شتێک ڕێکەوتنی لەسەر نەکراوە تاوەکو لەسەر هەموو شتێک ڕێنەکەوین. بۆیە سەرجەم ئەو کێشانەی کە لە خولەکانی پێشووتردا باسکراون دەکرێت دووبارە قسەیان لەسەر بکرێتەوە، ئەوەش لەلایەن سەرجەم لایەنەکانی ڕێکەوتنەکەوە پەسەند کراوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG