نۆ لایەنی دژ بە حکومەتی ئیسیوپیا هاوپەیمانێتیەک پێکدەهێنن، ئەمەش بەپێی دوو لایەن کە ناوییان لە هاوپەیمانێتیەکەدا هەیە، لەکاتێکدا هێزەکانی تیگرای بەرەو ئادیس ئابابای پایتەخت جوڵە دەکەن و فشارەکانی سەر حکومەتی وڵاتەکە زیادییان کردووە.
دووان لە لایەنەکان، سوپای ئازادی ئۆرۆمۆ و بزوتنەوەی دیموکراسی ئاگاو، ڕاگەیاندنی هاوپەیمانێتیەکەیان بۆ ڕۆیتەرز پشتڕاست کردەوە.
هەندێک لە لەلایەنەکان هێزی چەکدارییان هەیە، بەڵام هێشتا ڕوون نیە کە ئایا سەرجەم لایەنەکانی هاوپەیمانێتیەکە هێزی چەکدارییان هەیە یاخود نا.
ئەم پێکهێنانی هاوپەیمانێتیە دژی حکومەتی ئیسیوپیا لەکاتێکدایە هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای کە دژی حکومەت دەجەنگن وتی لەم هەفتەیەدا پێشڕەوییان بەرەو ئادیس ئابابای پایتەختی وڵاتەکە کردووە. بەمەش فشارەکانی سەر حکومەتی ئیسیوپیا زیادیکردووە. وڵاتانی ئەفریقا و ڕۆژئاواش داوای ئاگربەستێکی بەپەلە دەکەن لە وڵاتەکەدا.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لە تویتێکدا وتی " ململانێکانی لە ئیسیوپیا دەبێت کۆتاییان پێبێت، دەبێت بەزووترین کات دانوستانەکانی ئاشتی بەبێ هیچ مەرجێکی پێشوەخت دەستپێبکەن تاوەکو بگەن بە ڕێکەوتنی ئاگربەست."
ڕۆژی پێنجشەممە سیناتۆرەکانی ئەمەریکا پێشنیاری یاسایەکی نوێی سەپاندنی سزایان کرد بەسەر لایەنەکانی شەڕی ئیسیوپیادا. سیناتۆری کۆمارییەکان جیم ڕیش وتی " ئەمە قەیرانێکی هەرێمیە و پێویستی بە وەڵامدانەوەیەکی هەماهەنگ و چڕی نێودەوڵەتی هەیە."
ڕاگەیاندنی پێکهێنانی هاوپەیمانێتیەکە لەمیانەی سەردانە دوو ڕۆژییەکەی نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئەفریقا جێفری فێڵتماندا دێت بۆ ئادیس ئابابای پایتەختی ئیسیوپیا.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕۆژی پێنجشەممە فێڵتمان لەگەڵ سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا موسا فاکی و وەزیری بەرگری و وەزیری دارایی و جێگری سەرۆک وەزیری ئیسیوپیادا کۆبۆتەوە.
هاوپەیمانێتیە نوێیەکە کە ناسراوە بە بەرەی یەکگرتووی هێزە فیدڕاڵی و هاوپەیمانەکان، بەرەی ئازادی گەلی تیگرایش لەخۆدەگرێت کە ماوەی ساڵێکە دژی حکومەتی ئیسیوپیا دەجەنگێت.
شەڕ و پێکدادانەکان لەنێوان هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای و هێزەکانی حکومەتی ئیسیوپیا بوونەتە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیشی ئاوارە کردووە.
لە ڕاگەیاندنەکەیاندا، لایەنەکان وتیان مەراسیمی واژۆکردن لەسەر هاوپەیمانێتیەکە ڕۆژی هەینی دەبێت لە واشنتن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز