Accessibility links

نەتەوە یەکگرتووەکان: ئیسیوپیا لە لێواری کارەساتی مرۆییدایە


بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئیسیوپیا لەسەر لێواری کارەساتێکی مرۆییدایە لەکاتێکدا شەڕ و پێکدادانەکان لە باکووری وڵاتەکە بەردەوامە و بەهۆیەوە یارمەتیە مرۆییە پێویستەکانی وەکو خۆراک ناگەنە دەستی ملیۆنان خەڵک لە هەرێمی تیگرای باکووری وڵاتەکە.

دوایین جار کاروانێکی خۆراک گەیشتە میکێلی پایتەختی تیگرای لە ناوەڕاستی مانگی دوانزەدا بوو. لەو کاتەوە ملیۆنان خەڵکی برسی لەو ناوچەیەدا کە بەدەست شەڕ و ململانێکانەوە دەناڵێنێت خۆراکیان بەدەست نەگەیشتووە.

وتەبێژی بەرنامەی خۆراکی جیهانی تۆمسن فیری لە هۆشدارییەکدا بۆ لایەنەکانی جەنگی ئیسیوپیا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وتی ئەرکە مرۆییەکانی ڕێکخراوەکەی لە باکووری ئیسیوپیا خەریکە ڕادەگیرێت. وتیشی شەڕ و پێکدادانە توندەکان ڕێڕەوی گەیشتنی بەنزین و خۆراکیان گرتووە.

فیری وتی " ئەو خۆراکانەی کە پێویستن بۆ منداڵان و ئافرەتانی بەدخۆراک و لە کۆگاکاندا هەڵگیراون لە ئێستادا خراپبوون، هەفتەی داهاتووش دوایین باری خۆراک و ڕۆن دابەش دەکرێت، بەهۆی شەڕەوە، دابەشکردنی خۆراک لە هەموو کات زیاتر کەم بۆتەوە. کارمەندە مرۆییەکانی بەرنامەی خۆراکی جیهانی لەوێن و پێم دەڵێن کۆگاکان بەتەواوەتی بەتاڵ بوون."

لە مانگی یانزەی ساڵی 2020 دا شەڕ و پێکدادانەکان لە هەرێمی تیگرای باکووری ئیسیوپیا لەنێوان هێزەکانی سەر بە حکومەتی ئیسیوپیا و هێزەکانی بەرەی ئازادی گەلی تیگرای دەستیپێکرد. بارودۆخەکە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا زۆر خراپ بووە. بەرنامەی خۆراکی جیهانی دەڵێت ئێستا 9.4 ملیۆن کەس لە باکووری ئیسیوپیا پێویستیان بە خۆراک و یارمەتیە، ئەمەش بەبەراورد لەگەڵ چوار مانگی ڕابردوودا 2.7 ملیۆن زیادیکردووە.

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت تەنها لە تیگرای 5.2 ملیۆن کەس پشتیان بە یارمەتیە نێودەوڵەتیەکان بەستووە بۆ ڕزگاربوونیان. دەشڵێت 400,000 کەس لە بارودۆخێکی هاوشێوەی گرانیدا دەژین و 2 ملیۆن کەسی دیکە لەسەر لێواری برسێتین.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی ئامانجی ئەوەیە خۆراکی 2.1 ملیۆن کەس لە تیگرای و 1.1 ملیۆن کەسی دیکە لە هەرێمەکانی ئامهارا و ئافار دابین بکات. بەڵام کەمی پارە هەیە.

بەرنامەی خۆراکی جیهانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بەپەلە داوای 337 ملیۆن دۆلار دەکات تاوەکو بتوانێت لە شەش مانگی داهاتوودا یارمەتیە خۆراکیەکان بۆ گەلی ئیسیوپیا لە باکووری وڵاتەکە دابین بکات.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG