Accessibility links

دوو کۆمپانیای چینی 1000 خوێندنگا لە عێراق دروست دەکەن


بەرپرسێکی حکومەتی عێراق ڕایگەیاند وڵاتەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیای چینیدا ڕێکەوتووە بۆ دروستکردنی 1000 خوێندنگا لە ماوەی دوو ساڵدا.

دەزگای هەواڵی فەڕمی عێراقی لە زاری بەرپرسێکی وەزارەتی بونیادنان و نیشتەجێبوونی عێراق حەسەن میجاهەمەوە بڵاویکردەوە وڵاتەکە پێویستی بە 8000 خوێندنگا هەیە " تاوەکو ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە کە لە کەرتی خوێندندا دروست بووە."

گرێبەستەکە ڕۆژی پێنجشەممە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیری عێراق موستەفا ئەل کازمی واژۆ کراوە، بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای پاوەر چاینا 679 خوێندنگا دروست دەکات و کۆمپانیای سینۆتێکیش کە بە هەمان شێوە چینیە 321 خوێندنگاکەی دیکە دروست دەکات.

بەرپرسەکە وتی دروستکردنی خوێندنگاکان دەبێت لە ماوەی دوو ساڵدا تەواو ببن، یەکەمین خوێندنگا کە دروست دەکرێت دەبێت دوای یەک ساڵ لە دەستپێکردنی کارەکان تەواو بووبێت، کارەکانیش " بەمزووانە " دەستپێدەکەن.

ئاماژەشی بەوەدا عێراق لەڕێی بەرهەمە نەوتیەکانیەوە پارەی پڕۆژەکە دەدات.

قۆناغی دووەم لە گرێبەستەکە دروستکردنی 3000 خوێندنگای دیکەیە، لە قۆناغی کۆتایشدا وابڕیارە 4000 خوێندنگای دیکە دروست بکرێت.

ڕێکخراوی یونسێف لە ماڵپەڕی تایبەتی خۆی بڵاویکردۆتەوە " دەیان ساڵ لە ململانێ و کەمیی وەبەرهێنان لە عێراق، سیستمی خوێندنیان لە وڵاتەکە لەناوبرد کە پێشتر بە یەکێک لە باشترین سیستمەکانی خوێندن لە ناوچەکەدا دادەنرا." دەشڵێت " لە هەر دوو خوێندنگایەک یەکێکیان زیانی بەرکەوتووە و پێویستی بە بوژاندنەوە هەیە."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا " لە عێراق نزیکەی 3.2 ملیۆن کەس کە تەمەنیان شیاوە بۆ ئەوەی بچنە خوێندنگا، ناخوێنن."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG