Accessibility links

بەڕیتانیا و کەنەدا لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی ئۆڵۆمپیادی پەکین دەکەن


دوای ئەوەی ئەمەریکا و دواتریش ئوستڕاڵیا لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵۆمپادی ساڵی 2022 ی پەکینیان کرد لە چین، بەڕیتانیا و کەنەداش شوێنپێی ئەوانیان هەڵگرت و لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی یارییەکانیان کرد، هاوکات چینیش وتی بانگهێشتی بەرپرسانی حکومەتی بەڕیتانیایان نەکردووە تاوەکو ئامادەی ئۆڵۆمپیاد بن.

ئەمەریکا ڕایگەیاند بەرپرسانی حکومەتەکەی بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین دەکەن کە وابڕیارە لە مانگی دووی ساڵی داهاتوودا بەڕێوەبچیت، هۆکارەکەشی گەڕاندەوە بۆ پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن چینەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا چین وتی ئەمەریکا " باجی بڕیارەکەی " دەدات و هۆشداریدا لەسەر گرتنەبەری ڕێوشوێن وەکو وەڵامێک بۆ ئەو بڕیارە، بەڵام هیچ وردەکارییەکی لەسەر ئەو ڕێوشوێنانە نەدا.

لەلایەکی دیکەوە سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ وتی پەکین ئاگاداری نیگەرانیەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤ لە چین، " بۆیە دەبێت سەری نەسوڕمێ لەوەی کە بڕیارمانداوە نوێنەرایەتی دیبلۆماسی نەنێرین."

بڕیارەکەی ترودۆ وادەردەکەوێت گرژییەکان لە پەیوەندییەکانی نێوان دوو وڵاتەکە زیاتر بکات، کە دوابەدوای دەستبەسەرکردنی بەرپرسی ئابووری کۆمپانیای تەکنەلۆجیای هواوی مێنگ وانژو لەسەر داوای ئەمەریکا، گەیشتە نزمترین ئاستیەوە.

مینگ لە ڤانکوڤەری کەنەدا دەستبەسەرکرا، ماوەی سێ ساڵ شەڕیکرد تاوەکو ڕادەستی ئەمەریکا نەکرێتەوە کە بە تۆمەتی ساختەکاری لە بانکدا تۆمەتبارکرابوو. لە مانگی نۆدا ئازادکرا و ڕەوانەی چین کرایەوە.

دوابەدوای دەستبەسەرکردنی مینگ لە ساڵی 2018 دا، بەرپرسانی چین دوو هاوڵاتی کەنەدییان دەستبەسەرکرد، دواتر بە هەمان شێوە ئەوانیش لە مانگی نۆدا ئازادکران.

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسنیش وتی " بەدڵنیاییەوە لەڕووی دیبلۆماتیەوە بایکۆتی یارییەکانی ئۆڵۆمپیادی پەکین دەکەین، هیچ وەزیر و بەرپرسێک بەشداری تێدا ناکات."

ئاماژەشی بەوەدا " پێم وانیە بایکۆتکردنی یارییەکان لەڕووی وەرزشیەوە ڕێی تێبچێت، ئەوەش وەکو سیاسەتی حکومەت دەمێنێتەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بەشداریکردنی وەرزشەوانانی بەڕیتانیا لە یارییەکاندا.

لەلای خۆیەوە وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی چین لە لەندەن وتی " حکومەتی چین بانگهێشتی وەزیر و بەرپرسانی بەڕیتانیای نەکردووە تاوەکو ئامادەی یارییەکانی ئۆڵۆمپیاد ببن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG