بەرپرسانی بولگاریا دەڵێن بەهۆی گڕگرتنی پاسێکەوە لە باشووری پایتەختی وڵاتەکە لانی کەم 45 کەس گیانیان لەدەستداوە و منداڵیشیان تێدایە.
هێشتا هۆکاری گڕگرتنی پاسەکە نەزاندراوە بەڵام بەرپرسانی وڵاتەکە دەڵێن ئاگرەکە لەناو پاسەکەدا کەوتۆتەوە و دواتر پاسەکە خۆی کێشاوە بە پەرژینی قەراغ شەقامەکەدا.
هیچ ئوتومبێلێکی دیکە بەهۆی ڕووداوەکەوە زیانی بەرنەکەوتووە، ڕووداوەکە لە دووری 40 کیلۆمەتر لە سۆفیای پایتەختی وڵاتەکەوە ڕوویداوە لەنزیک گوندی بۆسنێک.
سەرۆکی پۆلیسی نیشتیمانی بولگاریا و ستانیمیر ستانێڤ وتی " لەنێو قوربانییەکاندا، 12 کەسیان لە خوار تەمەن 18 ساڵەوە بوون."
وتیشی لە کۆی 52 سەرنشینەکەی پاسەکە 45 کەسیان گیانیان لەدەستداوە.
بەرپرسی پاراستنی شارستانی و ئاگرکەوتنەوە لە وەزارەتی ناوخۆی بولگاریا نیکۆلای نیکۆلۆڤ وتی " حەوت سەرنشین ڕزگارییان بووە."
وتیشی بەهۆی سوتاوییەکانیانەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.
بەپێی کەناڵی بی تی ڤی، پاسەکە لە شاری ئیستەنبوڵی تورکیاوە بەرو سکۆپجی باکووری مەقدۆنیا گەشتی کردووە.
سەرۆک وەزیری باکووری مەقدۆنیا زۆران زایڤ وتی قوربانیەکان پێدەچێت هاوڵاتی مەقدۆنی بووبێتن.
لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی نۆڤا زایڤ وتی " نازانین کە ئایا سەرجەم قوربانییەکان خەڵکی باکووری مەقدۆنیان یاخود نا، بەڵام پێمان وایە وابێت چونکە پاسەکە لە وڵاتەکەدا تۆمارکراوە."
بەڵام سەرۆکی پۆلیس ستانێڤ وتی دوو شۆفێرەکەی پاسەکە خەڵکی مەقدۆنیا بوون بەڵام سەرنشینەکان خەڵکی ئەلبانیا بوون.
وتی " زانیارییە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن 52 کەس لەو پاسەدا بوون، بە دوو شۆفێریشەوە کە هاوڵاتی مەقدۆنیان و 50 سەرنشینەکەش خەڵکی ئەلبانیان."
سەرچاوە/ فرانس پرێس