Accessibility links

بەڕیتانیا و پاکستان داوای وەڵامدانەوەی قەیرانە مرۆییەکانی ئەفغانستان دەکەن


بەڕیتانیا و پاکستان داوای وەڵامدانەوەیەکی نێودەوڵەتیان کرد بۆ زیادکردنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ ئەفغانستان، لەکاتێکدا ئەفغانستان ڕووبەڕووی برسێتی و داڕمانی ئابووری بۆتەوە.

کۆمسیاری باڵای بەڕیتانیا لە پاکستان کریستیان تێرنەر لە سیمینارێکی نێودەوڵەتیدا لە ئیسلامئابادی پایتەختی پاکستان وتی " ئەفغانستانێکی جێگیر و کراوە ئامانجی هاوبەشمانە."

وتیشی " دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە بەڕیتانیا هەوڵی کرداریی دەدات، لەگەڵ تاڵیباندا قسە دەکەین."

تێرنەر جەختی لەوە کردەوە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە تیرۆر و مافی کەمینەکان و مافەکانی ئافرەتان و خوێندنی کچان بابەتی سەرەکین لە گفتوگۆکان لەگەڵ تاڵیباندا.

وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕێشی لە سیمینارەکەدا وتی حکومەتەکەی تاڵیبان سەرجەم دراوسێکانی ئەفغانستان و وڵاتانی دیکەی ناوچەکەی دڵنیا کردۆتەوە لەوەی خاکی ئەفغانستان بۆ تیرۆر بەکارناهێندرێت.

قوڕێشی وتی " داوا و کارمان کردووە بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی کراوە لە ئەفغانستان، کە تیایدا ڕێز لە سەرجەم نەژاد و کەمینە ئاینیەکان بگیردرێت و هەروەها ڕێز لە مافەکانی ئافرەتان بگیردرێت."

قوڕێشی وتی دواتر لەم هەفتەیەدا پاکستان میوانداری وەزیرانی وڵاتانی ئیسلامی دەکات بۆ فراوانکردنی یارمەتیەکان بۆ ئەفغانستان، لەوانەش دابینکرانی خۆراک و دەرمان و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ ملیۆنان هاوڵاتی ئەفغانی. تاڵیبان و نوێنەرانی ئەمەریکا و ڕوستا و چین و بەڕیتانیا و نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتی ئەوروپا بانگهێشت کراون بۆ کۆبوونەوەکەی 57 وڵاتە ئیسلامیەکەی ڕێکخراوی هاریکاریی ئیسلامی.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG