Accessibility links

چالاکەوانێکی بێلاڕوس بە لە سێدارەدراوی لە ئۆکرانیا دەدۆزرێتەوە


ڤیتاڵی شیشۆڤ
ڤیتاڵی شیشۆڤ

پۆلیسی ئۆکرانیا وتی چالاکەوانێکی بێلاڕوس بە لە سێدارەدراوی لە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا دۆزراوەتەوە، چالاکەوانەکە سەرپەرشتی گروپێکی دەکرد بۆ یارمەتیدانی ئەو هاوڵاتیانەی بێلاڕوس کە لە دەست زۆرداریی ناو بێلاڕوس هەڵدەهاتن.

پۆلیس وتی سەرکردەی نوێنەرایەتی بێلاڕوس لە ئۆکرانیا ڤیتاڵی شیشۆڤ لە یەکێک لە پارکەکانی شاری کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا بە لە سێدارەدراوی دۆزرایەوە، لێکۆڵینەوەکان دەستیان پێکردووە، پۆلیس پێی وایە کوشتنەکە بەشێوەیەک ئەنجامدراوە کە وادەربکەوێت کردەوەیەکی خۆکوژی بووبێت و لە ئێستادا لێکۆڵینەوە لەوبارەیەوە دەکەن.

نوێنەرایەتی بێلاڕوس لە ئۆکرانیا ڕۆژی دووشەممە هەواڵی دیارنەمانی شیشۆڤی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند لە ماوەی ڕاکردنێکی بەیانیاندا دیارنەماوە. ناوەندی مافی مرۆڤی بێلاڕوسییەکان ڤیسانا ئاماژەی بەوەدا هاوڕێکانی شیشۆڤ وتوویاتە لەمدواییانەدا لە ماوەی ڕاکردنەکانیدا چەند کەسێکی نەناسراو شوێنی کەوتوون.

نوێنەرایەتی بێلاڕوس لە ئۆکرانیا بەشێوەیەکی یاسایی یارمەتی ئەو هاوڵاتیانەی بێلاڕوس دەدات کە لە دەست زۆرداریی هەڵدێن و شوێن و کارییان لە ئۆکرانیا بۆ دابین دەکات.

لەم هەفتانەی دواییدا بەرپرسانی حکومەتی بیلاڕوس فشارەکانیان بۆ سەر ڕێکخراوە ناحکومی و ڕاگەیاندنە سەربەخۆکان زیادکردووە، تەنها لە مانگی حەوتدا هەڵیانکوتاوەتە سەر زیاتر لە 200 ئۆفیس و شوینی نیشتەجێبوونی چالاکەوان و ڕۆژنامەنووسان و دەیان کەسیان دەستگیرکردووە.

سەرچاوە/ ئەسۆشیەتد پرێس

XS
SM
MD
LG