Accessibility links

بێلاڕوس مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ڕوسیا لەنزیک سنوورەکانی ئۆکرانیا ڕادەگەیەنێت


بێلاڕوس ڕایگەیاند مەشقی سەربازیی هاوبەش لەگەڵ ڕوسیای هاوپەیمانی نزیکیدا لە سنوورەکانی باشووری وڵاتەکە لەگەڵ ئۆکرانیادا ئەنجامدەدات، هەروەها هاوپەیمانێتی ناتۆی تۆمەتبار کرد بەوەی توانا سەربازییەکانی لە نزیک سنوورەکانیەوە زیادکردووە.

بەرپرسانی ئەمەریکا و هاوپەیمانێتی ناتۆ و ئۆکرانیا دەڵێن ڕوسیا هێزەکانی لە نزیک ئۆکرانیا زیادکردووە، نیگەرانیەکانی سەبارەت بە ئەگەری هێرشی ڕوسیا بۆ سەر وڵاتەکە زیادکردووە. مۆسکۆ ئەوە ڕەت دەکاتەوە، هاوکات بێلاڕوسیش خۆی لە ناکۆکیدایە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا سەبارەت بەو کۆچبەرانەی لەسەر سنووری وڵاتەکە و یەکێتی ئەوروپا گیریانخواردووە.

وەزیری بەرگری بیلاڕوس ڤیکتۆر کرینین وتی مینسک مەشقێکی سەربازیی لەگەڵ ڕوسیادا ئەنجام دەدات. هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

لە ماڵپەڕی وەزارەتی بەرگری بێلاڕوسدا وەزیری بەرگری ئەو وڵاتە دەڵێت " پێکهێنانی هێزەکان دەبینین لەنزیک سنوورەکانی وڵاتەکەمانەوە، ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە سەربازییکردنی وڵاتانی دراوسێمان، لەبەر ئەوەیە ناچارین وەکو وەڵامێک ڕێوشوێن بگرینەبەر."

ڕۆژی یەکشەممە لیتوانیای ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ کە دەکەوێتە ڕۆژئاوای بێلاڕوسەوە وتی هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت هەڵوێستی خۆی بەرامبەر بێلاڕوس ڕێکبخاتەوە، وتیشی سوپای بێلاڕوس لە ئێستادا زیاتر خراوەتەپاڵ هێزە چەکدارەکانی ڕوسیاوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی بێلاڕوس ئالیکساندەر لوکاشینکۆ وتی مینسک دەستەوەستان نابێت کاتێک ململانێکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا زیادببن یاخود لەسەر سنوورەکانی ڕوسیا جەنگ لەگەڵ ڕۆژئاوادا هەڵبگیرسێت.

وتی " ڕوون و ئاشکرایە بێلاڕوس لە بەرەی کێدا دەبێت." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ ڕوسیا کە لەڕووی سیاسیی و ئابوورییەوە پشتیوانی لە لوکاشینکۆ کردووە.

دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕوسی لە زاری لوکاشینکۆوە بڵاویکردەوە " ئەوان لەمە تێدەگەن ، لەبەر ئەوەیە دەستیان کردووە بە توندکردنەوەی سنوورەکانی باکووری نێوان بێلاڕوس و ئۆکرانیا."

جێی ئاماژەیە ئەم لێدوانانەی لوکاشینکۆ لەگەڵ ئەو هەڵوێستە بێلایەنیەیدا یەک ناگرێتەوە کاتێک لە ساڵی 2014 ڕوسیا بەشێوەیەکی نایاسایی دورگەی کرێمیای ئۆکرانیای گرتەخۆی. هەروەها لە ململانێکانی نێوان حکومەتی ئۆکرانیا و هێزە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاشدا کە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بێلایەنی هەڵبژاردووە.

بێلاڕوس وەکو زۆرینەی وڵاتانی جیهان، هێشتا دورگەی کرێمیا بە ناوچەیەکی ئۆکرانیا دەزانێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG