Accessibility links

بەهۆی هێرشێکی تاڵیبانەوە بۆ سەر ڕۆژئاوای ئەفغانستان 21 کەس کوژران


بەرپرسانی ئەفغانی وتیان چەکدارانی تاڵیبان هەڵیانکوتاوەتە سەر کۆمەڵێک شوێنی ئاسایش لە ڕۆژئاوای وڵاتەکە و لە ئەنجامدا 21 پۆلیس و چەکدارانی سەر بە حکومەت کوژراون، ئەمەش لە نوێترین هێرشەکانی تاڵیباندا بۆ سەر وڵاتەکە کە گومان دەخاتە هەنگاوە سەرەتاییەکان بەرەو دانوستانەکانی ئاشتی.

بەرپرسانی ناوخۆ وتیان تاڵیبان هێرشیان کردۆتە سەر کۆمەڵێک خاڵی پشکنین لە دوو بەشی جیاوازی هەرێمی بادگیس کە دەکەوێتە سەر سنووری تورکمانستان.

سەرۆکی ئەنجومەنی هەرێمی بادگیس عەبدولعەزیز بێک وتی 14 پۆلیس و 7 چەکداری سەر بە حکومەت کوژراون و نۆ کەسی دیکە برینداربوون.

وتەبێژی هەرێمەکە جەمشید شەهابی وتی زیاتر لە 15 چەکداری تاڵیبان و 10 چەکداری دیکە لە پێکدادانەکاندا کوژراون.

لەلای خۆیەوە تاڵیبان بەرپرسیارێتی هێرشەکەی سەر بادگیسی ڕاگەیاند و ئەمە توند و تیژترین هێرشە لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا ڕووبەڕووی بادگیس بووبێتەوە.

وتەبێژی تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا وتی 34 پۆلیس و چەکدارانی سەر بە حکومەتیان کوشتووە و دەستیان گرتووە بەسەر زۆرێک لە چەک و تەقەمەنیدا.

وابڕیارە ئەم مانگە ڕابەرانی تاڵیبان و بەرپرسانی ئەمەریکی کۆببنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە ئەفغانستان و ئاگربەست لە وڵاتەکەدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG