پاکستان میوانداری کۆبوونەوەیەکی کرد لەسەر ئەفغانستان و نوێنەرانی هەریەک لە ئەمەریکا و چین و ڕوسیا بەشدارییان تێداکرد، وەزیری دەرەوەی پاکستانیش هۆشداریدا لەسەر ئەوەی ئەفغانستان لەسەر لێواری ڕووخانی ئابوورییەکەیدایە.
ئەمە یەکەمین جارە ئەو کۆمەڵە وڵاتە کە بە گروپی " ترۆیکا پڵەس " ناسراون دوای کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە بە فەڕمی کۆدەبنەوە.
وەزیری دەرەوەی پاکستان شا مەحمود قوڕێشی لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا وتی " گفتوگۆکردن لەگەڵ تاڵیبان نەک هەر دەبێت بەردەوام بێت بەڵکو دەبێت لەبەر کۆمەڵێک هۆکار پەرەی پێبدرێت."
وتی " هیچ کەسێک نایەوێت دەرکەوتنەوەی شەڕی ناوخۆ ببینێت، کەس نایەوێت ڕووخانی ئابووری ببینێت کە دەبێتە هۆی ناسەقامگیری، هەمووان دەیانەوێت ئەو گروپە تیرۆریستیانەی کە لە ئەفغانستان چالاکن بەشێوەیەکی کاریگەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت و هەمووشمان دەمانەوێت ڕێگە لە قەیرانێکی دیکەی پەنابەران بگرین."
ڕێکخراوە مرۆییەکان بەردەوام هۆشداری دەدەن لەسەر ئەوەی ئەفغانستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی مرۆیی گەورە دەبێتەوە، ئەوەش بەهۆی خراپی باری ئابووری و ڕاگرتنی یارمەتی نێودەوڵەتیەکان و کۆتوبەندەکان لەسەر سیستمی بانکی وڵاتەکە.
پاکستان داوای لە حکومەتەکانی جیهان کردووە بە ئەمەریکاشەوە ڕێگە بە یارمەتیەکان بدەن بێنە ئەفغانستانەوە تاوەکو لە ڕووخان ڕزگاریبکەن، هەروەها داوای لێکردن ئەو ملیاران دۆلارەی بانکی ناوەندی ئەفغانستان کە لە دەرەوە سڕکراوە بگەڕێندرێتەوە بۆ ئەفغانستان.
قوڕێشی وتی " ئەمڕۆ ئەفغانستان لەسەر لێواری ڕووخانی ئابووری وڵاتەکە وەستاوە."
کۆنفرانسەکەی ڕۆژی پێنجشەممە نوێترین کۆبوونەوەیە لەو زنجیرە کۆبوونەوانەی کە لە ناوچەکەدا ئەنجام دەدرێن.
لەم هەفتەیەدا وەزیری دەرەوەی حکومەتەکەی تاڵیبان لە ئەفغانستان بۆ سێ ڕۆژ سەردانی پاکستانی کردووە بەمەبەستی تاوتوێکردنی بازرگانی و پەیوەندییەکانی دیکە لەگەڵ ئەو وڵاتەدا، هاوکات هیندستانیش کۆبوونەوەیەکی ڕێکخست کە وڵاتانی ناوچەکە بەشدارییان تێداکرد، بەڵام پاکستان بەشداری لە کۆبوونەوەکەدا نەکرد.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز