یۆنان ڕووبەڕووی شەپۆلێکی 'سەخت'ی کۆچبەران دەبێتەوە

ڕۆژی یەکشەممە 29 ی مانگی یازدەی 2026، حکومەتی یۆنان ڕایگەیاند کە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوو ''سەختترین" ماوەی ئەم ساڵ بووە لە ڕووی گەیشتنی کۆچبەرانەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە کۆتایی هەفتەدا نزیکەی 1,000 کەس لە بەلەمەکان لە کەناراوەکانی دوورگەی کریت ڕزگار کران و سەدان کەسی دیکەش گەیشتنە دوورگەکە.

پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان ڕایگەیاند کە ڕۆژی یەکشەممە دەسەڵاتداران 190 کەسیان لەسەر سێ بەلەم ڕزگار کردووە، دوای ئەوەی لەلایەن فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی دەزگای سنووری یەکێتی ئەوروپا ' فڕۆنتێکس 'ەوە لە کەناراوەکانی کریت بینران، دواتر گواسترانەوە بۆ بەندەرە نزیکەکانی کالۆی لیمێنێس و ئیراپێترا.

بەرپرسێکی پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە ڕۆیتەرزی وتووە کە ڕۆژی شەممە زیاتر لە 1,000 کۆچبەر لە زیاتر لە دوانزە ئۆپەراسیۆنی جیاوازدا لە کەناراوەکانی کریت ڕزگار کراون و بە کۆی گشتییش نزیکەی 700 کەس گەیشتوونەتە کەناراوەکانی یۆنان. هەر لە هەمان ڕۆژدا تەرمی دوو کۆچبەر لە ناوچەیەکی سەختی دوورگەی گاڤدۆسی نزیکی دۆزراونەتەوە.

وەزیری کۆچبەریی یۆنان سانۆس پلێڤریس ڕۆژی یەکشەممە بە تەلەڤزیۆنی سکای راگەیاند کە گەیشتنی کۆچبەران لە ماوەی 48 کاتژمێری ڕابردوودا ''سەختترینی'' ئەم ساڵ بووە، ئەمەش کۆی گشتی ژمارەی کۆچبەرانی بۆ دوورگەکە گەیاندووەتە نزیکەی 2,500 کەس و توانای ناوەندەکانی پێشوازیی ناوخۆیی تێپەڕاندووە.

بەپێی دیمەنەکانی میدیا ناوخۆییەکان، سەدان کۆچبەر بە پاس گواستراونەتەوە بۆ بەندەری هیراکلیۆن لە ڕۆژهەڵاتی دوورگەکە، کە بەشێکی زۆریان لە دەرەوە ماونەتەوە بەهۆی پڕبوونی ناوەندە کاتییەکەی ئەوێ. پلێڤریس ئاماژەی بەوەشدا کە هەفتەی داهاتوو کەشتییەک بەرەو کریت بەڕێ دەکەوێت بۆ دەستپێکردنی گواستنەوەی کۆچبەران بۆ کەمپەکانی پێشوازی لە خاکی سەرەکی یۆنان.

یۆنان دەمێکە خاڵێکی سەرەکی چوونە ناو ئەوروپایە بۆ کۆچبەران و پەنابەرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریکا و ئاسیا، لە نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2016 لە هێڵی پێشەوەی قەیرانی کۆچبەرانی ئەوروپادا بوو، کاتێک نزیکەی یەک ملیۆن کەس گەیشتنە دوورگەکانی، کە زۆربەیان لە تورکیاوە هاتبوون.

هەرچەندە لەو کاتەوە ژمارەی گەیشتنی کۆچبەران دابەزیوە دوای ئەوەی ئەسینا ئەرکە ئێشکگرییە دەریایی و سنوورییەکانی توندوتۆڵ کرد. بەڵام لەم ساڵانەی دواییدا هاتنی کۆچبەران لە لیبیاوە ڕووی لە زیادبوون کردووە. زۆربەی ئەو کۆچبەرانەش خەڵکی بەنگلادیشن یان لە شەڕ و ململانێکانی سوودان هەڵدێن. ئەمەش ڕێڕەوێکی نوێی باشووری بەرەو دوورگەکانی گاڤدۆس و کەناراوەکانی باشووری کریت کردووەتەوە.

زیادبوونی کۆچبەران لە بەشێک لە ئەوروپا پشتیوانی بۆ پارتە ناسیۆنالیست و ڕاستڕەوە توندڕەوەکان زیاد کردووە و پاڵیان بە زۆرێک لە حکومەتەکانەوە ناوە بۆ گرتنەبەری سیاسەتیکاری توندتری لەبارەی کۆچبەرانەوە، ئەو سیاسەتیکارانە جەختدەکەنە سەر کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، ساردکردنەوە و ڕێگری و ڕەوانەکردنەوە.

یۆنان لە ئەم ساڵدا گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازانەی زیاد کردووە کە داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە، هەروەها شانبەشانی چوار وڵاتی دیکەی یەکێتی ئەوروپا دەیەوێت لە ساڵی داهاتووەوە بەشێکی زۆریان بنێرێت بۆ ناوەندێکی ڕەوانەکردنەوە لە وڵاتی ڕواندا.

XS
SM
MD
LG