ئاژانسی هەواڵی ئوردون رۆژی یەک شەممە بڵاویکردەوە کە دادگای پێداچوونەوە بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ ئەو کەسانە پشتڕاستکردەوە کە لە مانگی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر کڵێسایەک و نۆ کەسیان کوشت.
ئاژانسەکە نووسیویەتی: "دادگای پێداچوونەوە سزای لەسێدارەدانی پشتڕاست کردووەتەوە کە درابوو بەسەر سێ ئەنجامدەری هێرش بۆ سەر کڵێسایەک لە شارۆچکەی حەمود لە ئەلکەرک." ئەمەش دوای ئەوەی پێشتر لەم مانگەدا دادگا سزای لەسێدارەدانی بۆ ئەم سێ پیاوە دەرکردبوو.
رۆژی 23 ی مانگی دەی ئەمساڵ و لەوادەی مەراسیمێکی بەخاکسپاردندا لە کڵێسای رۆمی ئۆرتۆدۆکس لە شارۆچکەی حەمود، چەند چەکدارێک تەقەیان کرد و لە ئەنجامدا نۆ کەس کوژران و 34 کەسیش برینداربوون. ئەمەش هێرشێکی دەگمەنە بۆ سەر پێکهاتەی مەسیحی لە شانشینی ئوردون.
دادگاکە تۆمەتەکانی بەسەر ئەو سێ پیاوەدا ساغکردەوە کە تۆمەتبارکرابوون بە ئەنجامدانی کاری تیرۆریستی کە بووەتە مایەی گیانلەدەستدان، و هەروەها هەڵگرتنی چەک و جبە بەمەبەستی کاری تیرۆریستی، و هەروەها برەودان بە بیروڕای گروپێکی تیرۆریستی.
ئاژانسی هەواڵی فەرمیش بڵاویکردەوە کە "بە پشتراستکردنەوەی بڕیارەکە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، بڕیارەکە دەبێتە بڕیاری کۆتایی و گۆڕانی بەسەردا نایەت."
دوای ئەم پەلامارە، ئوردون هێرشی کردە سەر چەند گرووپێک لە ناو سووریا کە گومانی ئەوەیان لێ دەکرێت دەستیان لە ڕووداوەکەدا هەبووبێت.