نەتانیاهو بانگەوازی پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتوو ئاڕاستەی ڕکابەرەکەی دەکات

بنیامین نەتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ئەمڕۆ شەممە ڕایگەیاندووە کە ئامادەیە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێک بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکێتی نیشتمانی، دەست لە پۆستەکەی هەڵبگرێت و ڕێگا بە جادی ئایزینکۆت بدات ببێتە سەرۆکوەزیرانی نوێ. ئەمەش نوێتیرن ئاماژەیە کە سەرۆکی پێشووی دەستەی ئەرکان نزیکدەبێتەوە لە پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەک کە ئۆپۆزسیۆن پشتیوانیی لێدەکات بۆ لابردنی ناتانیاهۆ.

ئەم ڕاگەیاندنەی نەتانیاهو قەبارەی ئەو فشارانە پشتراستدەکاتەوە کە ڕووبەڕووی ئەو سەرکردە ئیسرائیلییە بوونەتەوە کە زۆرترین ماوە لەو پۆستەدا بووە، لە کاتێکدا کە ئایزنکۆت لە دۆخێکدایە ئەگەری هەیە هاوبەشە چاوەڕوانکراوەکان زۆرینەی پێببەخشن و حکومەتی هاوپەیمانی پێکبهێنێت.

نەتانیاهوش لە پێشنیازەکەیدا ئەوەی خستۆتەڕوو کە خۆی سەرۆکایەتی قۆناغی دووەمی حکومەتەکە بکات لەچوارچێوەی ڕێکەوتنی جێگۆڕکێ لەگەڵ ئایزینکۆت، ئەمەش لە چوارچێوەی ڕێکەوتنێکی پێشنیازکراودا بۆ پێکهێنانی حکومەتی یەکگرتوو لەنێوان هەردوو حزبەکەدا.

پێشتر سەرۆکی ئیسرائیل ئایزنکۆتی ڕاسپارد بە هەوڵدان بۆ پێکهێنانی حكومەت لە دوای هەڵبژاردنەکانی 27 ی دەی ئەمساڵ کە یەکلاکەرەوە نەبوون و هیچ ڕێگەیەکی ڕوونی نە بۆ ئایزنکۆت نە بۆ ناتانیاهۆ نەهێشتەوە کە بگەنە دەسەڵات.

لە چەند رۆژی ڕابردوودا ئایزنکۆت ڕێککەوتنی هاوپەیمانی لەگەڵ دوو هاوبەشەکەی لە هەردوو ڕەوتی ڕاست و چەپ مۆرکرد کە ئەمانەش ڕەنگە نزیکی بکەنەوە لەوەی ببێتە زۆرینە.

تاوەکو ئێستاش وتەبێژی پارتی یەشار کە ئایزینکۆت سەرۆکایەتی دەکات وەڵامی داواکاریی بۆ دەربڕێنی ڕای خۆی لەو بارەیە نەداوەتەوە.

ناتانیاهۆش لە بەیاننامەیەکیدا ڕایگەیاند کە پێویست دەکات خۆی حکومەتی ئیسرائیل بەڕێوەبەرێت بەڵام "بەهۆی قەبارەی ئەو هەڕەشە وجودیانەی کە هەن و ئەگەری دروستکردنی حکومەتێک کە نەتوانێت لەگەڵ ئەم مەترسییەدا مامەڵەبکات،" بۆیە "بەرپرسیارێتی وەک سەرکردە" ئەوە دەخوازێت کە "هەموو شتێک بخاتە لاوە."

XS
SM
MD
LG