وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی تاڵیبان ڕایگەیاند ڕۆژی شەممە، تەقینەوەیەک لە نزیک قوتابخانەیەک لە پارێزگای کونار لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئەفغانستان بووەتە هۆی کوژرانی حەوت قوتابی و برینداربوونی نزیکەی 99 کەسی دیکە.
وتەبێژی وەزارەتەکە، عەبدولمەتین قانی، لە بەیاننامەیەکدا گوتی ڕاپۆرتە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە تەقینەوەکە لە کۆگایەکی هەڵگرتنی تەقەمەنی سەر بە کۆمپانیاکانی کانزاکاری لە نزیک قوتابخانەکە ڕوویداوە. پارێزگای کونار کە هاوسنوورە لەگەڵ پاکستان، شوێنی ژمارەیەک پڕۆژەی کانزاکارییە.
قانی ئاماژەی بەوەشدا کە تەقینەوەکە لە ناوچەی ئەندەرسیری سەر بە قەزای ئەسەدئاباد ڕوویداوە، هەروەها گوتیشی دەسەڵاتداران لێکۆڵینەوە دەکەن و دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکانییان وردەکاریی زیاتر بڵاودەکەنەوە.
بەپێی ئامارەکانی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریی ئەفغانستان، لە مانگی هەشتی ڕابردوودا، تەقینەوەیەک لە ناوەندێکی پەروەردەیی لە کابوڵی پایتەختی ئەفغانستان بووە هۆی برینداربوونی لانیکەم 42 منداڵ. نەخۆشخانەیەکی کابوڵ کە لانیکەم 35 قوتابی برینداری وەرگرتبوو، ئاماژەی بەوە دابوو کە تەمەنی سەرجەم ئەوانەی بەهۆی تەقینەوەکەوە هێندراونەتە نەخۆشخانەکە لە نێوان 10 بۆ 14 ساڵدا بووە.