دوای کۆبوونەوەی لووتکەی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە سلێمانی، هەردوولا ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و تێیدا جەختیان کردەوە کە '' بە یەک هەڵوێست بەشداری لە کۆبوونەوەکەی بەغدا دەکەن.''
کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ شەممە 28 ی مانگی یازدە، لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی لە شاندی پارتی، هەروەها سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بافڵ تاڵەبانی و جێگری سەرۆک وەزیری هەرێمی کوردستان قوباد تاڵەبانی لە شاندی یەکێتی، بە یاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی هەردوو حزب بەڕێوە چوو.
ئەمە یەکەم کۆبوونەوەی لایەنە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان بوو، دوای ئەوەی حکومەتی عێراق ڕۆژی چوارشەممە بڕیاری کۆنترۆڵکردنەوەی کێڵگە نەوتییەکان و دەروازە سنوورییەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەی هەردوو حزب، کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە تاوتوێکردنی پەرەسەندنە سیاسی و ئابوورییەکان و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ، هەروەها هەردوولا ڕێککەوتوون لەسەر ئەوەی بە یەک هەڵوێست و یەک گوتاری هاوبەشەوە بەشداری لە کۆبوونەوەکەی بەغدا بکەن بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان.
کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممە لە بەغدا لە چوارچێوەی '' دیالۆگی نیشتمانی '' دا بە بەشداریی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق و بەشێک لە سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کورد و سوننە بەڕێوە دەچێت، بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان و گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق.