حوسییەکانی یەمەن، کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، ڕایانگەیاند کە هێرشی ئاسمانیی سعودیە ڕۆژی هەینی بووەتە مایەی کوژرانی لانیکەم 11 کەس کە لەنێویاندا منداڵیش هەن. ئەمەش لە کاتێکدایە کە سعودیە و تورکیا و پاکستان گفتوگۆی بەرگرییان لە ئیسلامئاباد ئەنجام دا.
ئەنیس ئەسبەحی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حوسییەکان، لە ئێکس نوسیویەتی کە هێرشەکە ناوچەی تورباحی لە پارێزگای تەعز لە باشوری خۆرئاوای یەمەن پێکاوە.
هاوپەیمانێتی بەسەرکردایەتی سعودیە تاوەکو ئێستا بە فەرمی قسەی لەسەر ڕووداوەکە نەکردووە.
هەروەها وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی حوسییەکان ڕایگەیاند کە چالاکییە سەربازییەکانی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی سعودیە بووەتە مایەی "رێگرتن لە کارمەندانی تەندروستی بۆ گەیشتن بە پێگەکە و دەرهێنانی قوربانییەکان کە لەژێر داروپەردوودا گیریان خواردووە."
دەنگی ئەمەریکا نەیتوانی سەربەخۆ ئەو تۆمەتەی حوسییەکان پشتراست بکاتەوە. حوسییەکان لەلایەن ئەمەریکاوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ڕیزبەند کراون.
تورکی مالیکی، وتەبێژی هاوپەیمانێتی بە سەرکردایەتی سعودیە، ڕۆژی هەینی لە ئێکس نوسیویەتی کە هێزە هاوپەیمانەکان 50 ئامانجیان لە سێ پارێزگای یەمەن وێران کردووە، و ئەو ئامانجانەشی وەک "ئامانجی سەربازیی ڕەوا" ناو برد.
دوێنێ پێنج شەممە، وەزارەتی وزەی سعودیە ڕایگەیاند کە "هاوێژراوێکی ئاسمانیی دوژمن" بەر پاڵاوگەی نەوتی جازان کەوتووە و بووەتە مایەی کوژرانی کارمەندێکی نیپاڵی و بریندارکردنی چەندینی دیکە، و هەروەها بووەتە مایەی ڕاگرتنی کارەکانی پاڵاوگەکە.
گفتوگۆکانی بەرگری
هێرشەکان لە کاتێکدان کە پاکستان و سعودیە و تورکیا ڕۆژی هەینی لە ئیسلامئاباد لەبارەی پێشهاتەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێویاندا هێرشی حوسییەکان بۆ سەر سعودیە، کۆبوونەوەیەکیان ئەنجام دا.
ئەو کۆبوونەوە دوو ڕۆژییەی وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و سەرکردە باڵا سەربازییەکانی پێکەوە لە سایەی پەیماننامەی بەرگری سێقۆڵی کۆکردەوە، کە بەگوێرەی پەیماننامەکە هێرش بۆ سەر هەر ئەندامێکیان هێرشە بۆ سەر هەر سێ ئەندام.
ئاسایشی ناوچەکە و هاریکاریی بەرگریی و ئامادەسازییەکان بۆ بەرگری هاوبەش لە بابەتە سەرەکییەکانی کۆبونەوەکان بوونە.