حکومەتی تورکیا لە کۆی 15 هەزار دامەزراندنی نوێی مامۆستایان، تەنها 16 مامۆستای بۆ زمانی کوردی داناوە. ئەمە لە کاتێکدایە ئەمساڵ زیاتر لە 86 هەزار خوێندکار داواکارییان بۆ خوێندنی وانەکانی کرمانجی و زازاکی پێشکەش کردووە.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا ڕایگەیاند کە پێش دەستپێکردنی ساڵی 2027، بڕیارە 15 هەزار مامۆستای نوێ دابمەزرێنێت. بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، لە چوارچێوەی وانەی ''زمان و زاراوە زیندووەکاندا'' 15 مامۆستا بۆ شێوەزاری کرمانجی و مامۆستایەکیش بۆ زازاکی دادەمەزرێنرێن. پڕۆسەی دامەزراندنی ئەو مامۆستایانەش لە کۆتایی ئەم ساڵ دەبێت.
دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بەم بڕیارەی وەزارەتی پەروەردە لەگەڵ خوێندکاران و بەرپرسانی پلاتفۆرمەکانی زمانی کوردی گفتوگۆی کرد.
سەرۆکی بزووتنەوەی زمانی کوردی HEZ-Kurd، سوبحی ئۆزگەن، دەڵێت وەزارەتی پەروەردەی تورکیا زمانی کوردی پشتگوێ دەخات و نادادپەروەریی بەرامبەر دەکات. ئۆزگەن جەختی لەوە کردەوە کە بە لەبەرچاوگرتنی خواست و هەڵبژاردنی خوێندکاران بۆ زمانی کوردی، پێویست بوو وەزارەت لانیکەم 100 مامۆستا بۆ ئەم زمانە تەرخان بکات.
دەشڵێت ئەم پشکەی کە تەنیا 16 مامۆستایە ئەوە نیشان دەدات کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا تا ئێستاش هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر هەڵوێست بەرامبەر زمانی کوردی نەبووە.
زانیارییەکانی وەزارەتی پەروەردە دەریدەخەن کە ئەمساڵ زیاتر لە 86 هەزار خوێندکار داواکارییان بۆ خوێندنی وانەکانی کرمانجی و زازاکی پێشکەش کردووە و لە ئێستادا لە 16 شاری تورکیا و هەرێمە کوردییەکان تەنیا 153 مامۆستا بۆ وانەوتنەوە بەو خوێندکارانە لەسەر کارن.
لەلایەکی دیکەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆنی زمانی کوردی لە سەندیکای مەموور- سەن، هودایی مۆرسومبول، ئاماژە بەوە دەدات کە بۆ دامەزراندنە نوێیەکان پشکی زمانی کوردی بەراورد بە ساڵی ڕابردوو و پێرار 8 هێندە زیاد کراوە. دەڵێت هەرچەندە ئەوە هەنگاوێکی ئەرێنییە، بەڵام لە ئاست خواست و هەڵبژاردنی خوێندکاراندا هێشتا زۆر کەمە.
کەمی هەلی دامەزراندن بۆ دەرچوانی زمانی کوردی
مۆرسومبول دەڵێت پێویستە بۆ زمانی کوردی هەڵمەت و جموجۆڵێک دروست ببێت تا مامۆستای زیاتر دابمەزرێنرێن. بە بڕوای ئەو، پێویستە ئەو زانکۆیانەی بەشی زمان و ئەدەبی کوردییان تێدایە، لە ڕێگەی سەندیکاکانەوە لەگەڵ لایەنە فەرمییەکان دانوستان بکەن و بە هەماهەنگی هەوڵ بدەن پشکی مامۆستایانی زمانی کوردی زیاتر بکەن.
لە ئێستادا ئەو خوێندکارانەی دەتوانن ببنە مامۆستای کرمانجی و زازاکی، لە زانکۆکانی ئامەد، مێردین، مووش، چەولیک و دێرسیم دەردەچن.
خوێندکاری بەشی زمان و ئەدەبی کوردی لە زانکۆی دیجلەی ئامەد، محەمەد قاغزمانی، دەڵێت گەنجان بەهۆی کەمیی دامەزراندنەوە داهاتوویەکی باش لەم بەشەدا نابینن و نایانەوێت هەڵیبژێرن. قاغزمانی ئاماژەی بەوەش دا کە بەم پشکە کەمانە، گەشەسەندنی بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی لە شوێنی خۆیدا دەوەستێت و هەنگاوە گەورەکانیش بچووک دەمێننەوە، بۆیە پێویستە بەپێی خواست و پێداویستییەکان، هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ زمانی کوردی بنرێن.
لە ساڵی 2012ـەوە لە قوتابخانە ناوەندییەکانی تورکیا هەردوو شێوەزاری کرمانجی و زازاکی وەک وانەی بژاردە دەخوێنرێن. ئەو خوێندکارانەی لە پۆلەکانی پێنج هەتا هەشتدا کرمانجی یان زازاکی هەڵدەبژێرن، هەفتانە تەنها دوو کاتژمێر ئەو وانەیە دەخوێنن.
وەزارەتی پەروەردەی تورکیا لە ساڵی 2014 بۆ یەکەم جار بە دامەزراندنی 17 مامۆستا (14 مامۆستا بۆ کرمانجی و سێ مامۆستا بۆ زازاکی) دەستی بە دامەزراندنی مامۆستایانی زمانی کوردی کرد. ئامارە فەرمییەکانیش نیشانی دەدەن کە تا ئێستا زیاتر لە دوو هەزار کەس لە بەشەکانی زمان و ئەدەبی کوردی دەرچوون، بەڵام تەنیا نزیکەی %11ـی ئەو دەرچووانە دامەزراون.