دەم پارتی پشتیوانی خۆی بۆ پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە

پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) سەبارەت بە گرژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق ڕاگەیەندراوێکی نووسراوی بڵاو کردەوە.

دەم پارتی لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دەدات کە بەرگریکردن و بەهێزکردنی پێگەی دەستوریی هەرێمی کوردستان تەنیا بۆ گەلی کورد گرنگ نییە، بەڵکو بۆ ئاشتی کۆمەڵایەتی عێراق، سەقامگیریی سیاسی و داهاتووی دیموکراسیش گرنگە.

دەم پارتی سەبارەت بەو گرژییەی بەهۆی بابەتی کۆنتڕۆڵکردنی دەروازە سنوورییەکان و سەرچاوەکانی وزەوە دروست بووە، بانگەوازی دیالۆگ و دانوستانی لە نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان کرد.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا دەم پارتی ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ناکۆکییانەی بەهۆی پرسی ئابووری و بەڕێوەبردنەوە سەریان هەڵداوە، "بە بڕیاری تاکلایەنە، گوتاری هەڵچوون و هەڵوێستی سەربازی چارەسەر ناکرێن" و ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەموو لایەنەکان بە ڕێگەی یاسایی هەڵسوکەوت بکەن.

هەروەها دەم پارتی ڕایگەیاندووە کە پێویستە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستانیش بە ڕێککەوتنێکی دیموکراسییانە هەماهەنگی و هاوکاری بکەن.

گرژییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە کاتێکدایە کە لە تورکیای دراوسێ پڕۆسەیەکی ئاشتی سەبارەت بە چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان لەئارادایە.

ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێ پێنجشەممە ڕایگەیاند کە بە پێداگرییەوە بەردەوام دەبن لەسەر پڕۆسەی ئاشتی کە حکومەتی تورکیا پێی دەڵێت 'پڕۆسەی تورکیای بێ تیرۆر.' ئەنجوومەنەکە ئاماژەی بەوەش داوە کە هاوکاریی فرەلایەنە لەگەڵ عێراق و سوریا لە هەموو بوارەکاندا پەرە پێدەدەن.

XS
SM
MD
LG