خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق ڕایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان لە بازگەی چیمەن لەسەر ڕێگای کەرکوک-سلێمانی، بارهەڵگرێکیان دەستبەسەر کردووە کە نەوتی قاچاخکراوی لە بەسرەوە بۆ سلێمانی دەگواستەوە.
خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، ڕۆژی هەینی، 27ـی یازدەی 2026، لە بەیاننامەیەکدا گوتی، هێزەکانی بازگەی چیمەن، سەر بە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک، بارهەڵگرێکی تڕێلەیان ڕاگرتووە کە گوایە کۆنتەینەرێک لە کەرەستەی پزیشکی دەگواستەوە و بە قفڵی گومرگی مۆر کرابوو.
بەپێی بەیاننامەکە، دوای گومانلێکردنی بارهەڵگرەکە و پشکنینی بە ئامێری سۆنار، دەرکەوتووە کە نەوتی قاچاخکراوی تێدایە.
هێزە ئەمنییەکان شۆفێرەکەیان دەستگیر کردووە و بارهەڵگرەکەشیان دەستبەسەر کردووە و چاوەڕێی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەن بۆ تەواوکردنی ڕێکارە یاساییەکانی پشکنین.
خانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق دەڵێت، ئەم ئۆپەراسیۆنە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی دەزگاکانی عێراقدایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتی، بەهێزکردنی چاودێری لەسەر ڕێگا و دەروازەکان و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی بەرامبەر سەرپێچیکاران.