ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی تورکیا پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ کرد

ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا، لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، دوایین پێشهاتەکانی پڕۆسەی ئاشتی تاوتوێ کرد و جەختی لە بەردەوامبوونی هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئامانجی 'تورکیای بێ تیرۆر' و 'هەرێمێکی بێ تیرۆر' کردەوە.

ئەنجومەنەکە لە بەیاننامەیەکدا، کە دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی پێنجشەممە، 26ـی یازدەی 2026، بڵاویکردەوە، ڕایگەیاند کە "پێشکەوتنە بەرچاوەکان" و دۆخی ئێستای هەوڵەکان بۆ بەدیهێنانی ئەو دوو ئامانجە هەڵسەنگێندراون.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە، "جەخت لەوە کرایەوە کە چالاکییە فرەڕەهەندەکان لە چوارچێوەی یاسای بەهێزکردنی هاوپشتیی نیشتمانی و یەکگرتوویی کۆمەڵایەتیدا، بە ئیرادەیەکی پتەوەوە بەردەوام دەبن."

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا زانیاری سەبارەت بەو چالاکییانە خرانە بەردەم ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کە لە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشە و مەترسییانە ئەنجام دەدرێن کە بە گوتەی ئەنجومەنەکە، یەکێتی و یەکڕیزیی نیشتمانی و مانەوەی تورکیا دەخەنە مەترسییەوە.

لە بەیاننامەکەدا ناوی پەکەکە، کەجەکە، پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە)، یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، بزووتنەوەی فەتحوڵڵا گولەن و داعش هاتووە، کە دەسەڵاتدارانی تورکیا بە ڕێکخراوی تیرۆریستی دەیانناسێنن.

جەختکردنەوە لە گرنگیی هاوکاری لەگەڵ عێراق و سوریا

بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانیی تورکیا بۆ پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە لەگەڵ عێراق و سوریا تەرخان کرابوو.

ئەنجومەنەکە جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی هاوکارییە فرەڕەهەندەکانی تورکیا لەگەڵ هەردوو وڵات لە هەموو بوارەکاندا کردەوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە تورکیا بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی داهاتوویەکی ئارام، سەقامگیر، گشتگیر و خۆشگوزەران لە جوگرافیای هاوبەشی ئەو وڵاتانەدا.

هەرچەندە ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی تورکیا باسی پێشکەوتن لە پڕۆسەکەدا دەکات، بەڵام لە بەیاننامەکەیدا وردەکاریی زیاتر سەبارەت بە هەنگاوەکانی قۆناغی داهاتووی پڕۆسەی ئاشتی نەخراوەتە ڕوو.

XS
SM
MD
LG