کوەیت: دوو هاووڵاتی ئیتاڵیا بەهۆی پارچەی درۆنەکانی ئێرانەوە کوژران

دیمەنی هێرشێکی ئێران بۆ سەر کوەیت لە مانگی حەوتی 2026.
دیمەنی هێرشێکی ئێران بۆ سەر کوەیت لە مانگی حەوتی 2026.

کوەیت ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند بەهۆی پارچەی درۆنە تێکشکێندراوەکانی ئێرانەوە دوو هاووڵاتی ئیتاڵیایی کوژراون و دوو کەسی دیکەش بریندار بوون، ئەمەش لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەی کەنداو بەردەوامن و هێرشەکان بۆ سەر کەشتیوانی دەریایی زیادیان کردووە.

وتەبێژی سوپای کوەیت، سعوود عەبدولعەزیز عەتوان، ڕایگەیاند کە درۆنەکانی ئێران ''پێگەیەکی هەستیاریان'' کردووەتە ئامانج و بە سەختی دوو هاووڵاتی ئیتاڵیایان بریندار کردووە کە دواتر لە نەخۆشخانە گیانیان لەدەست دا.

ئاماژەی بەوەش کرد کەوتنەخوارەوەی پاشماوە و پارچەی درۆنەکان هەروەها بووەتە هۆی برینداربوونی هاووڵاتییەکی کوەیتی و هاووڵاتییەکی پاکستانی، دوای ئەوەی ڕۆژی پێنجشەممە هێزەکانی کوەیت بەرپەرچی چەندین درۆنی ئێرانییان دایەوە و لە ئاسمانی وڵاتەکەدا تێکیان شکاندن.

عەتوان لە بەیاننامەیەکدا گوتی، ''وەزارەتی بەرگری قووڵترین سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی ئاڕاستەی خێزانی قوربانییەکان دەکات و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکانی دیکە دەخوازێت.'' ناوبراو هیچ وردەکارییەکی زیاتری سەبارەت بە پێگە بەئامانجگیراوەکە نەخستە ڕوو.

ئاژانسی هەواڵی ئیتاڵی ئاسنا لە زاری وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ئەنتۆنیۆ تاجانییەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو دوو هاووڵاتییە تەکنیککار بوون و لە وێستگەیەکی چاودێریی بەرگری ئاسمانی لە کوەیت کاریان کردووە. ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە داوە درۆنەکان دامەزراوە سەربازییەکانی کوەیتیان کردووەتە ئامانج.

کوەیت، بەحرەین و چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو، کە هەندێکیان بنکەی سەربازی ئەمەریکایان تێدایە، دوای ئەوەی ئەمەریکا و ئیسڕائیل لە 28ـی مانگی دووەوە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکەیان دژی ئێران دەستپێکرد، بوونەتە ئامانجی هێرشەکانی ئێران.

XS
SM
MD
LG