دادگای فیدراڵی عێراق دەڵێت بڕیارەکانی عەلی زەیدی دەربارەی هەرێمی کوردستان دەستورین

دادگای باڵای فیدراڵی عێراق ڕۆژی چوارشەممە پشتگیری لە بڕیارەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کرد و ڕایگەیاند بەغدا دەتوانێت هێزی سەربازی بۆ سنورەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت.

تەلەفزیۆنی فەرمی عێراق ئەم بڕیارەی دادگای باڵای عێراقی وەک پشتیوانییەک لە هەنگاوەکانی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان دانا.

حکومەتی عەلی زەیدی دوێنێ زنجیرەیەک بڕیاری گرنگی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سەرجەم دەروازە سنوورییەکان و کێڵگە نەوتییەکان و دانانی خاڵی پشکنین لە دەروازەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەرکرد. بڕیارەکان لەلایەن وتەبێژی سەربازیی سەرۆکوەزیرانی عێراق خوێندرانەوە.

لە بەرامبەردا، دەستەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان سەرسوڕمانی خۆیان نیشان دا و بە "هەڵکشانێکی ناسروشتی" دژ بە قەوارەی هەرێمی کوردستانیان دانا.

بەگوێرەی تەلەفزیۆنی حکومەتی عێراق، دادگای باڵای فیدراڵی وتویەتی کە دەستەڵاتدارە فیدراڵییەکانی عێراق بۆیان هەیە سەرپەرشتی ئەو ئاژانسانە بکەن کە لە سەرجەم خاڵە سنورییەکان کاردەکەن، لە نێویشیاندا لە هەرێمی کوردستان. هەروەها دەشڵێت کە دەبێت بەغدا هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان بکات لەبارەی ئیدارەدانی گومرگ.

هەروەها تەلەفزیۆنی دەوڵەت ئەوەشی ڕاگەیاندووە کە دادگا وتویەتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بۆی هەیە سەرپەرشتی و وردبینیی لە کێڵگەکانی نەوت و گاز بکات، لەکاتێکدا بەغدا بەهاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێم و پارێزگاکان بەرپرسیارێتی لە ئەستۆیە بۆ ئیدارەدانی ئەو نەوت و غازەی بەرهەمیان دەهێنن.

ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وتارەکەی وتەبێژی سەربازیی عێراقی ڕەتکردەوە و بەوە وەسفیکرد کە "زمانی سەربازیی و هەڕەشەیە" و داوای گفتوگۆی لەگەڵ بەغدا کرد. هەروەها وتیشی کە لەگەڵ دەستەڵاتە فیدراڵییەکان کاردەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و داوای جێبەجێکردنی سەرجەم خاڵەکانی دەستوری عێراقی کرد، لە نێوانیاندا ماددەی 140ـی تایبەت بە ناوچە جێناکۆکەکان.

XS
SM
MD
LG