حزبەکانی ڕۆژهەڵات: ئەمشەو هەشت هێرشی درۆنی کراوەتە سەر بارەگاکانمان لە هەرێمی کوردستان

دیمەنی وێرانەی هێرشێکی درۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لە 4ـی سێی 2026.
دیمەنی وێرانەی هێرشێکی درۆنی ئێران لە هەرێمی کوردستان، لە 4ـی سێی 2026.

بەرپرسانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) بە دەنگی ئەمەریکایان ڕاگەیاند، شەوی سێشەممە، 24ـی یازدەی 2026، هەشت هێرشی درۆنی جیاواز کراوەتە سەر بارەگا و کەمپەکانیان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی.

ئەو دوو حزبە گومان دەکەن ئێران لە پشت هێرشەکانەوە بێت، بەڵام دەنگی ئەمەریکا بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆی پشتڕاست نەکراوەتەوە کە چ لایەنێک هێرشەکانی ئەنجام داوە.

بەرپرسێکی حدکا بە دەنگی ئەمەریکای گوت، کەمپی جێژنیکان لە نزیک بەحرکەی هەولێر و کەمپی ئازادی لە کۆیە کرانە ئامانجی سێ هێرشی درۆنی.

ئامانج زیبایی، ئەندامی سەرکردایەتیی حدکا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هێرشەکان لە ڕێگەی درۆنی حەدیدەوە ئەنجامدراون، بەڵام خۆشبەختانە هیچ زیانێکیان نەبووە."

زیبایی پێیوایە مەبەست لە بەردەوامیی هێرشەکان ڕێگریکردنە لە گەڕانەوەی دانیشتووانی کەمپەکان بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان.

هاوکات، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) ڕایگەیاند کە بارەگاکانی ئەو حزبەش لە ناوچەی پێنجوێنی سەر بە پارێزگای سلێمانی کراونەتە ئامانجی هێرشی درۆنی.

گۆڵان فەهیم، ئەندامی مەجلیسی پژاک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بە پێنج درۆن هێرش کراوەتە سەر پێنج شوێنی جیاواز لە ناوچەی کانی میرانی پێنجوێن.

بەپێی فەهیم، ئامانجی هێرشەکان بارەگاکانی پژاک لەو ناوچەیە بوون و هیچ زیانێکی گیانییان لێ نەکەوتووەتەوە.

XS
SM
MD
LG