هێزە چەکدارەکانی حکومەتی یەمەن ئەمڕۆ سێشەممە ڕایانگەیاند کە چەکدارانی حوسی ئامادەن هێرش بکەنە سەر شاری عەدەن، کە پێگەی سەرەکیی حکومەتی یەمەنە و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەڕەسمی ناسراوە. هێزەکانی ئەمەن بەڵێنیان دا ڕووبەڕووی ئەو هێرشە ئەگەرییە ببنەوە.
مەجید نوزەیلی، وتەبێژی سوپای یەمەن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی، "هێزی حوسییەکان نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە شارەکەوە دوورن. ئێمە ئەوە بە ڕژدی وەردەگرین و ئامادەشین بۆی."
هەروەها ڕایگەیاند، "ئەوان ئێستا ئامادەن بۆ هێرشکردن، ئێمەش ئامادەکارییمان کردووە بۆ بەرگریکردن لە عەدەن."
ئەم لێدوانە دوای پێشڕەوییەکانی حوسییەکان لەم مانگەدا دێت، کاتێک حکومەتی یەمەن هێزەکانی خۆی لە ناوچەکانی نزیک دەریای سوور کشاندەوە، بۆ کۆکردنەوەی هێز لەو ناوچانەی "بارودۆخی ئێستا پێویستی پێیەتی،" بە جۆرێک پاراستنی ئاسایشی عەدەن و پارێزگاکانی دەوروبەری کرانە ئامانجی لەپێشینە.
ڕۆژی 15ـی یازدە، شەش سەرچاوەی یەمەن بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاند کە حوسییەکان کۆنترۆڵی قەزاکانی مەقتەری و مەداریبەیان کردووە و لە مەودای 60 کیلۆمەتر لە باشووری عەدەن جێگیر بوون.
نوزەیلی جەختیکردەوە کە "ئەم دۆخە ئەوە نیە کە ئێمە دەیخوازین، بەڵام بەو جۆرەش نالەبار نییە کە باسکراوە."
هەروەها وتیشی، "گرتنی عەدەن دۆخێکی گریمانەییە. ڕوونادات. هێزەکانمان و حکومەتەکەمان زامنی ئەوەدەکەن کە عەدەن مەترسی لەسەر نەبێت."
ڕەشاد عەلیمی، سەرۆکی ئەنجومەنی سەرۆکایەتیی یەمەن، ڕۆژی سێشەممە لە بەرامبەر هەڕەشەکانی حوسییەکاندا ئامادەیی هێزەکانی حکومەتی یەمەنی بۆ بەرەنگاری دەربڕی. لە پۆستێکدا لە ئێکس ڕایگەیاند، "ئێمە متمانەمان بە توانای یەمەنییەکان و هێزە چەکدارەکانی هەیە بۆ کۆتاییهێنان بە هەڕەشەی حوسییەکان، ئیتر گرنگ نیە هێڵەکانی پێشەوە چۆن دەگۆڕێن."
بەگوێرەی سەرچاوە سەربازییەکانی حکومەت، حوسییەکان بەردەوام لەم مانگانەی دواییدا عەدەنیان پێکاوە، لەنێویشیدا هێرشێک لە 15ـی مانگی دە کە کۆشکی سەرۆکایەتی کردە ئامانج و بووە مایەی کوژرانی چوار کەس.
گرووپی حوسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، پێشتر و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ لە ساڵی 2015ـدا هێرشێکی شکستخواردویان بۆ گرتنی عەدەن ئەنجام دا.
حکومەتی یەمەن کە لەلایەن کۆمەڵی نێودەوڵەتییەوە دانیپێدانراوە، پێگەی سەرەکی ئێستای لە شاری عەدەنە، پاش ئەوەی لەلایەن حوسییەکانەوە ساڵی 2014 لە سەنعای پایتەخت دەرکرا.
یەمەن کە ماوەی زیاد لە دەیەیەکە کەتووەتە ناو شەڕی ناوخۆوە، مانگی حەوت ڕاستەوخۆ بووە بەشێک لە ململانێی فراوانتری نێوان ئەمەریکا و ئێران، دوای ئەوەی ڕێکەوتنی نێوان حوسییەکان و حکومەتی پشتیوانیکراو لەلایەن سعودیەوە هەڵوەشایەوە.
لەو کاتەوە، شەڕ و پێکدادانەکان هەزار و 600 کوژراو و زیاد لە 300 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی لێکەوتووەتەوە.
بەگوێرەی دوایین تۆمارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەمەن هەژارترین وڵاتی نیمچە دورگەی عەرەبە.