سوپای ئیسڕائیل کوژرانی بەرپرسی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی حەماسی لە غەززە ڕاگەیاند

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە نەعیم محەممەد عاشور ئەبو نەحل، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ناوخۆی بزووتنەوەی حەماس لە کەرتی غەززە، لە هێرشێکیدا کوژراوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسڕائیل، ئەبوو نەحل نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر و دوای دەستبەسەرکردنی کەسایەتی پێشووی ئەو پۆستە لەلایەن هێزەکانیانەوە، وەک بەرپرسی خزمەتگوزاریی ئاسایشی ناوخۆی حەماس دەستبەکار بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای ئیسڕائیلدا هاتووە ''کوژرانی ناوبراو گورزێکی گەورەی لە توانای بەڕێوەبردنی ئەو دەزگایە داوە.''

سوپای ئیسڕائیل ئاماژەی بەوەش داوە کە ئەبوو نەحل لە ماوەی شەڕەکەدا و بەتایبەت لەم دواییانەدا، ڕۆڵێکی سەرەکی هەبووە لە داڕشتن و پەرەپێدانی هێرشەکان دژی هاووڵاتییانی ئیسڕائیل و سەربازانی سوپاکەیان، هاوکات کاری کردووە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی توانای گرووپە چەکدارەکان لە غەززە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە کردنە ئامانجی ناوبراو بە مەبەستی لابردنی ئەو مەترسییانە بووە کە لەلایەن ئەوەوە دروست دەبوون، و چالاکییەکانی بە ''پێشێلکردنی بەرنامە بۆ داڕێژراوی ئاگربەست'' ناو بردووە.

لای خۆیەوە دەزگای هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە لە غەززە بڵاوی کردەوە کە لە هێرشێکی ئیسڕائیلدا بەرپرسێکی باڵای حەماس و شەش کەسی دیکە کوژراون، کە دوو ئەندامی پۆلیسیشیان تێدایە.

XS
SM
MD
LG