ئۆکراینا بەرپرسیارێتی نوقمکردنی کەشتییەکی سەربازیی ڕووسیا لە لیبیا دەگرێتە ئەستۆ

وێنەیەکی مانگی دەستکردی کۆمپانیای پلانێت لابس پی‌بی‌سی، کە ڕێکەوتی 22ـی یازدەی2026 گیراوە، تێیدا دیمەنی بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە کەشتییەکی گڕگرتوو لە بەندەری بەنغازی پیشان دەدات.
وێنەیەکی مانگی دەستکردی کۆمپانیای پلانێت لابس پی‌بی‌سی، کە ڕێکەوتی 22ـی یازدەی2026 گیراوە، تێیدا دیمەنی بەرزبوونەوەی دووکەڵ لە کەشتییەکی گڕگرتوو لە بەندەری بەنغازی پیشان دەدات.

ڤلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕێگەی درۆنی دەریاییەوە کەشتییەکی سەربازیی ڕووسیای لە بەندەرێکی لیبیا نوقمکردووە.

ئەم هێرشە دوای هێرشە درۆنییەکانی ئۆکراینا دێت بۆ سەر کەشتییەکی بارهەڵگری پەیوەندیدار بە سوپای ڕووسیا لە کەنداوی فینلەندا.

زێلێنسکی ڕۆژی دووشەممە وتی کە ئۆکراینا حەوت درۆنی دەریایی لە هێرشەکەی یەکشەممە دژی کەشتی مێرکوری بەکارهێناوە؛ هەروەها کەشتیی ئێم ڤی ئەنگارای ڕووسیای پێکاوە کە، بە گوێرەی ئۆکراینا، ڕووسیا بۆ گواستنەوەی چەک بەکاریدەهێنا.

زێلێنسکی لە تێلیگرام بڵاویکردەوە کە "سەرباری هەموو هەوڵەکانی دوژمن بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشەکە، کەشتیی جەنگی مێرکوری ڕووسیامان نوقمکرد." ئەمەش یەکەم ڕاگەیاندنی فەرمییە لەبارەی چۆنیەتی ئەنجامدانی هێرشەکە لە لیبیا.

زێلێنسکی هەڕەشەی کرد بەوەی "بەردەوام دەبین لەسەر ئۆپراسیۆنەکانمان لە ئاوە دیاریکراوەکاندا."

هەروەها وتیشی کە هەلیکۆپتەرێکی جەنگیی ڕووسویاش لە جۆری کا-27 لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکەدا وێرانکراوە.

وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا تاوەکو ئێستا هیچی لەو بارەیەوە نەوتووە.

پەیوەندی سەربازیی نێوان حکومەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا و ڕووسیا

دوای شەڕی ناوخۆی لیبیا، بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە لەژێر کۆنترۆڵی خەلیفە حەفتەر، فەرماندەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ناسراو بە 'سوپای نیشتمانیی لیبیا' دایە، کە پەیوەندی لەگەڵ ڕووسیا هەیە. لە بەرامبەردا، بەشی ڕۆژئاوای لیبیا لەژێر کۆنترۆڵی حکومەتی یەکێتیی نیشتمانیی دانپێدانراوی نێودەوڵەتیدایە، کە بارەگاکەی لە تەرابلوسە.

حکومەتی ڕۆژهەڵاتی لیبیا ڕایگەیاند کە کەشتی مێرکوری لە بنکەی دەریایی بەنغازی لەنگەری گرتبوو کاتێک هێرشی کرایە سەر.

پەیمانگای توێژینەوەی جەنگ ڕایگەیاند، کەشتیی 'مێرکوری' بەپێی ڕێککەوتنێکی هاوکاری، بۆ ماوەی چەند ڕۆژێک لەوێ وەستابوو بۆ دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستییەکان، لە کاتێکدا هاوڕێیەتیی کەشتییە بارگەڵگرەکانی ڕووسیای دەکرد کە توانای گواستنەوەی کەرەستەی سەربازییان هەبوو و بەرەو ڕووسیا دەڕۆیشتن.

ئوسامە حەماد، سەرۆکی حکومەتەکەی ڕۆژهەڵاتی لیبیا، ڕایگەیاند کە داوای لە نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لێکۆڵینەوە لە "گومانەکانی بەکارهێنانی شوێن و دامەزراوەکانی ڕۆژئاوای لیبیا بۆ ئامادەکردن و ڕەوانەکردنی بەلەمە هێرشبەرە بێ سەرنشینەکان" بکات. هەروەها داوای پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی کردووە کە ئایا پسپۆڕانی سەربازیی ئۆکراینی لەوێ ئامادەبوون یان نا.

تاوەکو ئێستا حکومەتەکەی تەڕابلوس هیچ وتەیەکی لەو بارەوە نەداوە.

مانگی سێی ئەمساڵ وەزارەتی گواستنەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند کە بەلەمی خودڕەوی ئۆکراینا لە لیبیاوە نێردراون و هێرشیان کردە سەر کەشتیی 'ئارکتیک مێتاگاز' کە گازی سروشتی شلکراوەی لە مورمانسکەوە دەگواستەوە. دەزگای بەندەر و گواستنەوەی دەریایی لیبیا ڕایگەیاندبوو کە کەشتییەکە دوای گڕگرتنی، لە نێوان لیبیا و ماڵتا نوقم بووە. بەڵام کیێڤ بەرپرسیارێتی ئەو هێرشەی لەئەستۆ نەگرتووە.

هێرش لە لە کەنداوی فینلەندا

ڕۆژی شەممە، هێرشێکی درۆنی کە گومان دەکرێت ئۆکراینا ئەنجامی دابێت، بووە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی دیکەی بارهەڵگری ڕووسیایی بە ناوی 'سپارتا 2' لە ئاوە نێودەوڵەتییەکانی کەنداوی فینلەندا. کەشتییەکە لەلایەن کۆمپانیای ئۆبۆرن لوجیستیکای ڕووسیایەوە، کە تایبەتە بە کەلوپەلی سەربازی، بەڕێوەدەبرێت.

کیێڤ هیچی لەبارەی ئەو هێرشەوە نەوتووە، بەڵام سوپای فینلەندا پێی وایە ئۆکراینا ئەنجامی دابێت. سەرجەم ئەندامانی دەستەی کەشتییەکە کە ژمارەیان 16 کەس بوو ڕزگارکران و یەکێکیان بە سوکیی بریندار بووە.

دمیتری پێسکۆف، وتەبێژی کرێملن، لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی هێرشەکە وتی کە "ئاراستەیەکی مەترسیدار هەیە کە بریتییە لە زیادبوونی چالاکیی تیرۆریستی" لە دەریای بەڵتیک. هەروەها وتیشی کە مۆسکۆ هیودارە وڵاتانی ناوچەکە چاوپۆشی لە ئەنجامدانی کرداری لەو جۆرە نەکەن.

چەند کەشتییەکی ڕووسیا و ئیستۆنیا و فینلەندا ئاگرەکەی کەشیی سپارتا 2ـیان کوژاندەوە دوای ئەوەی کەشتییەکە چووە سنوری ئاویی فینلەنداوە.

هێرشەکان لە کاتێکدان ئەم مانگە گفتوگۆکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکراینا بە ناوەندگیریی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە دەستیان پێکردووە، دوای ئەوەی گفتوگۆکان بۆ ماوەی نۆ مانگ وەستان. ئامانجی دانوستانەکان کۆتاییهێنانە بە جەنگەکە، کە گەورەترین جەنگی ئەوروپایە لە دوای جەنگی دووەمی جیهانییەوە، بەڵام تا ئێستا ئەنجامێکی بەرچاویان نەبووە.

میکۆلا بیلیسکۆف لە پەیمانگەی نیشتمانیی بۆ توێژینەوە ستراتیژییەکان لە کیێڤ ڕایگەیاند کە ئۆکراینا هەوڵی بەهێزکردنی پێگەی خۆی دەدات لەڕێگەی فراوانکردنی مەودای ڕووبەڕووبوونەوەکان بۆ مەیدان و ناوچەی نوێ.

وتیشی، "لەبەر ئەوەی هیچکام لە دوو لایەنەکە ناتوانن تەنها لە ڕێگەی مەیدانی جەنگەوە لایەنی بەرامبەر ناچار بکەن مەرجەکانی ڕێککەوتنێک قبوڵ بکات، هەردووکیان هەوڵ دەدەن ڕێگای نوێ بۆ گوشارخستنە سەر یەکتر بدۆزنەوە."

XS
SM
MD
LG