نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان ڕۆژی دووشەممە دابەزی، دوای ئەوەی بەرزبوونەوەی ڕێژەی خستنەبازاڕ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە هۆی کەمکردنەوەی نیگەرانیی وەبەرهێنەران لە بەردەوامبوونی هێرشەکان بۆ سەر کەشتی و پاڵاوگەکانی نەوت لە ناوچەکەدا.
لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە بە کاتی واشنتن، نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە 90 دۆلار و 95 سەنت بوو. نرخی نەوتی خاوی بێنت هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی 4٪ دابەزی.
هەروەها نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی وێست تێکساسی ناوەندیی ئەمەریکا 82 دۆلار و 17 سەنت بوو. ئەم نەوتە هەفتەی ڕابردوو بە ڕێژەی 5٪ دابەزی.
ئەم دابەزینەی نرخی نەوت لە کاتێکدایە ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەردەوامن. دوێنێ، یەکشەممە، گرووپی حوسییەکانی یەمەن، کە هاوپەیمانی ئێرانە، ڕایگەیاند هێرشی کردووەتە سەر پاڵاوگەیەکی نەوت لە سعودیە. هاوکات، دەزگای ئۆپەراسیۆنەکانی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا ڕایگەیاند دا کە لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا چەندین هێرش کراوەتە سەر کەشتییەکان لە کەنداو و لە نزیک گەرووی هورمز.
حکومەتی بەحرەین ڕایگەیاند کە ڕۆژی شەممە ئێران هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی پیشەسازیی مەدەنی لەو وڵاتە. لە بەرامبەردا، سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاند هێرشێکی مووشەکی و درۆنی بۆ سەر پێگە سەربازییەکانی ئەمەریکا لە بەحرەین ئەنجام داوە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدان لە تورکیا گفتوگۆکانی کۆنفڕانسی جیهانیی کەشوهەوا، ناسراو بە COP31، ڕۆژی یەکشەممە بەبێ ڕێککەوتن کۆتاییان هات، دوای ئەوەی وڵاتە بەشداربووەکان نەیانتوانی لەسەر پرسی دەستبەرداربوون لە سووتەمەنیی فۆسیلی ڕێک بکەون. سعودیە و چەند وڵاتێکی دیکەی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت جەخت لەسەر بەردەوامی ڕۆڵی ئەو سوتەمەنییە دەکەنەوە لە ئابووری جیهاندا.
هەر لەسەر پرسی سەقامگیرکردنی نرخی وزەی جیهانی، وەزیرانی گرووپی ئۆپێک پڵەس بڕیارە ڕۆژی 29ـی یازدە چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدەن، بۆ دیاریکردنی سیاسەتی بەرهەمهێنانی نەوتی گرووپەکە بۆ ساڵی داهاتوو، گرووپی ئۆپێک پڵەس لە وڵاتانی ئەندامی ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپێک) و چەند وڵاتێکی دیکەی بەرهەمهێنەری نەوت، وەک ڕووسیا، پێکهاتووە.