بەحرەین دەڵێت ئێران هێرشی کردووەتە سەر دامەزراوەیەکی پیشەسازی مەدەنی

دەوڵەتی بەحرەین ڕایگەیاند کە ئێران شەوی شەممە هێرشێکی کردووەتە سەر یەکێک لە دامەزراوە مەدەنییە پیشەسازییەکانی، لە هەمان کاتدا، سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە بە درۆن و مووشەک هێرشیان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە ڕاگەیەندراوێکدا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وتی کە دامەزراوەیەکی پیشەسازی مەدەنی کراوەتە ئامانج و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە شوێنەکە. هەورەها وتی کە تیمەکانی بەرگری مەدەنی کار دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردنی ئەو ئاگرەی کەوتووەتە ناو بینایەکی پیشەسازی، بەڵام وردەکاری لەسەر شوێن یان جۆری ئەو دامەزراوەیە نەدا.

لە ڕاگەیاندنێکی تردا، کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکرایەوە، وەزارەتەکە وتی: "بەهۆی ئەو هێرشە دڕندانەی ئێران کە دوێنێ دژی بەحرەین ئەنجام درا، هاووڵاتییەکی بەحرەینی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بریندار بوو و ئێستا بارودۆخی تەندروستیی جێگیرە. هەروەها نیشتەجێیەکی پاکستانیش بریندار بوو و بارودۆخی تەندروستیی مەترسیدارە. هەردووکیان لە نەخۆشخانەدا چارەسەر وەردەگرن."

لە هەمان کاتدا هێزەکانی بەرگری بەحرەین ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگری ئاسمانییان توانیویەتی ژمارەیەک لە هێرشەکانی ئێران ڕابگرێت.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، سوپای پاسداران لە ڕاگەیەنراوێکدا کە لەلایەن ئاژانسی هەواڵی ئیرنا بڵاو کرایەوە، وتی کە هێرشی کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە ڕیفاع و ئەوالی لە بەحرەین.

بەپێی ڕۆیتەرز، داوای لێدوان لە فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) کراوە، بەڵام هێشتا هیچ وەڵامێک نەدراوەتەوە.

XS
SM
MD
LG