مانگی داهاتووی ناسراو بە مانگی سەگڵاو Beaver Moon، یەکەم دانە دەبێت لە زنجیرەیەک لە سێ سووپەرموونی یەک لە دوای یەک، بەهۆی هێزی کێشکردنی بەهێزتری بۆ سەر هەڵکشان و داکشانی دەریا، ئەگەری هەیە تاوەکو جەژنی سوپاسگوزاری ئاو بەرەو ڕێگە و شۆستە نزمەکانی کەناراوەکان پاڵ بنێت.
یەکەمین سووپەرموون لەو زنجیرە سێ دانەییەدا شەوی سێشەممە ئاسمان ڕووناک دەکاتەوە، لە کاتێکدا کاریگەرییە بەهێزەکەی لەسەر جووڵەی دەریا ڕەنگە ببێتە هۆی شەپۆلێکی دیکەی لافاوی ناسراو بە '' پاشای هەڵکشان '' لە ڕۆژانی بەر لە جەژنی سوپاسگوزاریدا.
بەپێی ساڵنامەی The Old Farmer’s Almanac، مانگی پڕی 24 ی مانگی یانزە بە مانگی سەگڵاو ناسراوە، ئەم ناوە پەیوەستە بەو کاتەی ساڵەوە کە تێیدا سەگڵاوەکان دوای کۆکردنەوەی خۆراک بۆ زستان، پەنا دەبەنەبەر هێلانەکانییان. ناوەکانی دیکەی ئەم مانگە بریتین لە '' مانگی شەختە، مانگی بەستەڵەک، مانگی ئاسک،'' کە ڕەنگدانەوەی ساردبوونی کەش و هەوا و چالاکیی ئاژەڵانن لە کۆتاییەکانی پایزدا.
مانگی ئەم مانگە هاوکات بە سووپەرموونیش هەژمار دەکرێت، بەو مانایەی قۆناغی پڕبوونی مانگ لە نزیکترین خاڵی خولگەکەیدا بە دەوری زەویدا ڕوودەدات. ئەو مەودا کورتە وادەکات مانگ کەمێک گەورەتر و درەوشاوەتر لە مانگێکی پڕی ئاسایی دەربکەوێت، هەرچەندە جیاوازییەکە زۆر گەورە نیە.
ئەم دیاردە گەردوونیە ڕۆژی سێشەممە دوایین مانگی پڕی وەرزی پایزی فەلەکیشە و مانگی پڕی داهاتوو لە 23 ی مانگی دوانزەدا و دوو ڕۆژ دوای دەستپێکردنی وەرزی زستان دەردەکەوێت.
بەرزبوونەوەی ئاستی هەڵکشانی دەریا ڕەنگە لافاوی کەناراوەکانی لێ بکەوێتەوە
هەڵکشانی زۆر بەرزی دەریا لە هەفتەی جەژنی سوپاسگوزاریدا دەگەڕێتەوە بۆ باشووری کالیفۆرنیا، ئەمەش نیگەرانیی لەبارەی لافاوی کەناراوەکان و داخورانی کەنار دەریاکانەوە دروست کردووە. تیمەکانی ناوچەی لاگونا بیچ لە ئامادەباشیدان لە کاتێکدا بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی زەریا و شەپۆلە گەورەکان هەڕەشە لە کۆمەڵگە کەناراوییەکان دەکەن.
لە کاتی مانگی پڕدا، خۆر، زەوی و مانگ تا ڕادەیەکی زۆر لەسەر یەک هێڵ ڕێک دەکەون، ئەمەش جیاوازییەکی گەورەتر لە نێوان هەڵکشان و داکشانی دەریادا دروست دەکات. کاتێکیش مانگی پڕ لە نزیکترین مەودای زەویدا ڕوو دەدات، وەک ئەوەی لە دیاردەی سووپەرمووندا دەبینرێت، ئەم کاریگەرییە زیاتر دەبێت.
ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی دروستبوونی پاشای هەڵکشان کە زاراوەیەکی باوە بۆ بەرزترین ئاستە پێشبینیکراوەکانی هەڵکشانی دەریا لە ساڵدا، هەروەها دەکرێت شەقام و شۆستە نزمەکانی کەنار دەریا تەنانەت بەبێ بارانبارینیش ژێرئاو بکەون.
لە دەوروبەری مانگی پڕی مانگی 10 ی ڕابردوودا، ئاوی دەریا ڕێگە کەناراوییەکانی فلۆریدا و کالیفۆرنیای ژێرئاو خست، هەروەها چەندین پێوەری ئاستی ئاو بەرزترین ئاستی پێوانەییان تۆمار کرد، لە نێویاندا ناوچەکانی نزیک لۆس ئانجلس و سان دیێگۆ.
ناوچەی لاگونا بیچ لە کالیفۆرنیا و کۆمەڵگە کەناراوییەکانی دیکە بە دانانی بەربەستی لم، کیسەلم و ترومپای ئاو خۆیان بۆ ئەم هەڵکشانە چاوەڕوانکراوەی دەریا ئامادە کردووە.
هەڵکشانی بەرزتر لە ئاستی ئاسایی دەکرێت بۆ چەند ڕۆژێک لە دەوروبەری مانگی پڕدا بەردەوام بێت، ئەمەش مەترسیی لافاوی کەناراوەکان لە ناوچە لاوازەکاندا تا جەژنی سوپاسگوزاری درێژ دەکاتەوە. پێویستە ئەو کەسانەی پلانی گەشت و پشوویان لە ناوچە نزیکەکانی کەنار دەریا هەیە، بە وردی چاودێریی کاتەکانی بەرزبوونەوەی ئاوی دەریا و کاریگەرییەکانی لەسەر هاتوچۆ و چالاکییەکانیان بکەن.