فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش دەکات، میانمار بڕیاری دادگا ڕەتدەکاتەوە

فەرەنسا ڕۆژی شەممە، داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد پاش ئەوەی میانمار بڕیاری دادگای دادی نێودەوڵەتیی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕەتکردەوە کە سوپای وڵاتەکەی بە ئەنجامدانی جینۆساید لە دژی خەڵی ڕۆهینگا تاوانبار کرد.

بەپێی ئاژانسی رۆیتەرز، وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیاندنێکدا وتی بڕیارەکانی دادگای دادی نێودەوڵەتی کۆتایی و یاسایین و دەبێت بە تەواوی و بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێن.

وەزارەتەکە وتی بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر لایەنێک لە ململانێیەکدا پابەند نەبێت بە بڕیاری دادگا، ئەنجومەنی ئاساییش دەتوانێت ڕێوشوێنی پێویست بگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە. بەم هۆیەوە فەرەنسا داوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات.

دادگای دادی نێودەوڵەتی، کە بنکەکەی لە لاهای هۆڵەندایە، ڕۆژی پێنجشەممە بڕیاری دا کە میانمار لە ساڵی 2017ـدا جینۆسایدی لە دژی پێکهاتەی موسوڵمانی ڕۆهینگا ئەنجام داوە. دادگا گەیشتە ئەو ئەنجامەی کە هێزەکانی ئاسایشی میانمار هەزاران مەدەنییان کوشتووەو توندوتیژیی سێکسییان ئەنجام داوەو توندیژییان بەرامبەر منداڵان ئەنجامداوە و هێرشیان کردووەتە سەر خەڵکی ڕۆهینگا لە کاتی هەڵهاتنیان بەرەو بەنگلادیش.

دادگاکە فەرمانی بە میانمار کردو ڕێگە بدات ئاوارەکانی ڕۆهینگا بگەڕێنەوە ماڵەکانیان و قەرەبووی قوربانییەکان بکاتەوە و داوای لێکردووە لە ماوەی دوو ساڵدا ڕاپۆرتێک لەسەر هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی بڕیارەکە پێشکەش بکات.

بەپێی ڕێکخراوە مرۆییەکان، هەڵمەتی سەربازیی میانمار لە ویلایەتی ڕاخاین لە ساڵی 2017ـدا بووە هۆی کوژرانی هەزاران کەس و هەڵهاتنی زیاتر لە 700 هەزار کەسی ڕۆهینگا بۆ بەنگلادیش، کە زۆربەیان تا ئێستا لە ئاوارەییدا دەژین.

XS
SM
MD
LG