سکرتێری گشتی ناتۆ: ناتۆ بەرگری لە تەواوی خاکی پۆڵەندا دەکات

مارک ڕوتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، دووپاتی کردەوە کە هاوپەیمانی ناتۆ بەرگری لە تەواوی خاکی پۆڵەندا دەکات. ئەم لێدوانەی لە کاتی سەردانێکیدا بۆ وارشۆی پایتەختی پۆڵەندا هات، پاش ئەوەی رۆژی هەینی پۆڵەندا ڕایگەیاند ڕووسیا بە مووشەک و درۆن سنووری ئاسمانی ئەو وڵاتەی بەزاندووە.

بە پێی ئاژانسی رۆیتەرز، ڕوتە لە چاوپێکەوتنێکدا، ڕۆژی شەممە، لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی پۆڵەندا وتی، "دەتوانم دڵنیایی بدەم کە ناتۆ بەرگری لە هەر سوچێکی خاکی پۆڵەندا دەکات."

سکرتێری گشتیی ناتۆ ئاماژەی بەوە کرد کە جەنەڕاڵ ئەلێکسەس گرینکێویچ، فەرماندەی هێزەکانی ناتۆ لە ئەورووپا، هەموو هەنگاوێکی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دەستنیشانکردنی هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر توانای بەرگری ناتۆ.

لە پاش دەستپێکردنی جەنگی ڕووسیا دژ بە ئۆکرانیا لە سالێ 2022، چەندین جار درۆنی ڕووسی ئاسمانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناتۆیان بەزاندووە، ئەمەش بوەتە هۆی نیگەرانی ئەو وڵاتانەو ترسی تەشەنەکردنی ململانێکە.

ڕووداوەکەی ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا ڕوویدا کە پۆڵەندا میوانداری ڕاهێنانی سەربازی بە بەشداری چەند وڵاتیكی هاوپەیمانی ئۆکراینا دەکرد. بەرپرسانی پۆڵەندا گومانیان هەیە کە ئەم ڕووداوەی بەزاندنی سنووری ئاسمانی بە ڕێکەوت نەبوووە.

بەپێی ئاژانسی هەواڵی پۆڵەندا، بڕیارە ڕۆژی دووشەممە ئەنجومەنی ئەتلەنتیکی باکووری هاوپەیمانی ناتۆ لە بروکسل کۆببێتەوە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی بەزاندنی سنوری ئاسمانی پۆڵەندا بە مووشەک لەلایەن ڕووسیاوە.

XS
SM
MD
LG