پەرلەمانتارێکی بەریتانیا داوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ تاوانەکانی دژی ئێزدییەکان دەکات

ئەندامێکی پەرلەمانی بەڕیتانیا داوای دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دادگاییکردنی چەکدارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر ئەو تاوانانەی دژی ئێزدییەکان ئەنجامیان داوە.

ئەندامی ئەنجومەنی لۆردەکانی پەرلەمانی بەڕیتانیا، هێلینا کێنێدی، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە دەستدرێژییە بە کۆمەڵەکان و بە کۆیلەکردنی ژنانی ئێزیدی '' یەکێکە لە گەورەترین شەرمەزارییەکانی 20 ساڵی ڕابردوو.''

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە چەندین وڵات و دامەزراوەی نێودەوڵەتی، لە نێویاندا پەرلەمانی ئەوروپا، کوشتن و بە کۆیلەکردنی هەزاران ئەندامی کۆمەڵگەی ئێزیدییان وەک جینۆساید ناساندووە، بەڵام تا ئێستا لێپرسینەوەی تاکەکەسی لە تاوانباران نەکراوە.

کێنێدی ئەم هەفتەیە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی لە ئەڵمانیا کرد، کە گەورەترین ڕەوەندی ئێزیدییەکانی جیهانی تێدا دەژی و گوێی لە گوتە و شایەتحاڵیی ڕزگاربووانی ئێزێدی گرت.

ئەم کۆبوونەوەیە کە بە '' کۆمسیۆنی نێودەوڵەتیی ڕاستی '' ناودەبرێت، بە مەبەستی بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ دادگاییکردنی کەسانی بەرپرسیار پێکهێنراوە. هەریەک لە براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی ئەمساڵ ناڤی پیلای و ئۆلێکساندرا ماتڤیچوک، کە ڕێکخراوەکەی لە ساڵی 2022 دا خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتبوو، ئەندامن لەو کۆمسیۆنەدا.

کێنێدی لە بەیاننامەیەکدا گوتی '' دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەم جینۆسایدەدا بەس نییە. پێویستە حکومەت هەنگاو بنێت بۆ دادگاییکردنی ئەندامانی داعش، تا شکۆی ئێزیدییەکان بپارێزرێت و بە جیهان نیشان بدرێت کە هیچ کەسێک لەسەر تاوانەکانی جینۆساید بەبێ سزادان ڕزگاری نابێت.'' هەروەها جەختی کردەوە کە دامەزراندنی دادگایەکی نێودەوڵەتی تایبەت '' ڕێگایەکی بەرچاو بەرەو دادپەروەریی ڕاستەقینە دەکاتەوە.''

هێرشی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ناوچەی شنگال لە مانگی هەشتی ساڵی 2014 دا بووە هۆی کوژرانی هەزاران ئێزیدی، سەرەڕای ئەوانیش، هەزاران ژن و منداڵی ئێزیدی لەلایەن تیرۆریستانەوە ڕفێندران و وەک کۆیلە فرۆشران.

XS
SM
MD
LG