سەرۆکوەزیرانی پۆڵەندا، دۆناڵد توسک، ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە پێدەچێت ڕووسیا ''گێچەڵێکی بە مەبەست ''ـی ئەنجام دابێت، دوای ئەوەی سێ تەنی سەربازیی ڕووسیا لە کاتی هێرشێکی بەرفراوانی ڕووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئاسمانی پۆڵەندایان بەزاند.
وەزیری بەرگریی پۆڵەندا، ڤلادیسلاڤ کۆسینیاک-کامیش، بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە تەنەکان وا دەردەکەون دوو مووشەک و درۆنێک بووبن.
دانیشتووانی ناوچەکە باسیان لە بیستنی دەنگی تەقینەوەیەک کردووە لە نزیک شارۆچکەی نۆڤی لیپۆڤیێتس، کە نزیکەی 60 کیلۆمەتر لە سنووری نێوان پۆڵەندا و ئۆکرایناوە دوورە.
هەروەها ئەو شوێنە نزیکەی 75 کیلۆمەتر لەو ناوچەیەوە دوورە کە تێیدا دوو هەزار و 800 کارمەندی سەربازی لە وڵاتانی بەلجیکا، بەریتانیا، ئیستۆنیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا، لیتوانیا، هۆڵەندا، ئیسپانیا و سوید بەشداری لە مەشق و ڕاهێنانەکاندا دەکەن، وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەرکێکی ئەگەریی سەقامگیرکردنی دۆخەکە لە ئۆکراینا لە قۆناغی دوای جەنگدا.
توسک گوتی، ''بەدوور نازانرێت، هەرچەندە بێگومان ئەمە تەنیا گریمانەیەکە، کە ئەم گێچەڵییە پەیوەندیی بەو ڕاستییەوە هەبووبێت کە ئەم مەشقانە لەسەر خاکی پۆڵەندا بەڕێوەدەچوون.''
تا ئێستا هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن ڕووسیاوە لەو بارەوە نەدراوە.
توسک ئاماژەی بەوەش دا کە هیچ کەسێک نایەوێت دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر بڕوات، بەڵام پۆڵەندا چاوەڕێی هاوسۆزی و پشتیوانی هاوپەیمانەکانی لە ناتۆ دەکات.
سکرتێری گشتیی ناتۆ، مارک ڕوتە، ڕایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی ناتۆ وەک وەڵامێک بۆ پێشێلکردنی ئاسمانی ئەو وڵاتە دەستبەجێ فڕیون. ڕوتە گوتی ئەم ڕووداوە "بە ڕوونی مەترسیدارە و دەرەنجامی جەنگی بەردەوامی ڕووسیایە دژی ئۆکراینا. سەرکۆنەی هێرشەکانی ڕووسیا و هەروەها جەنگە بەردەوامەکەشی دەکەم.''
هەروەها سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئاندی بێرنهام ڕووداوەکەی سەرکۆنە کرد و بە ''بە تەواوی قبووڵنەکراو '' وەسفی کرد.