ڕووسیا دوای هەڕەشەکانی پوتن پردەکانی کیێڤ بۆردومان دەکات و هەشت کەس دەکوژرێن

ڕۆژی هەینی، 20ـی یازدەی 2026، دووکەڵ لە بینایەکی وێرانبوو بەرز دەبێتەوە، دوای هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ، پایتەختی ئۆکراینا.
ڕۆژی هەینی، 20ـی یازدەی 2026، دووکەڵ لە بینایەکی وێرانبوو بەرز دەبێتەوە، دوای هێرشێکی مووشەکیی ڕووسیا بۆ سەر شاری کیێڤ، پایتەختی ئۆکراینا.

بەرپرسانی ئۆکراینا ڕایانگەیاند کە مووشەک و درۆنەکانی ڕووسیا شەوی ڕابردوو لانیکەم هەشت کەسیان لە سەرانسەری ئۆکراینا کوشتووە و 30 کەسی دیکەشیان بریندار کردووە، هاوکات سێ پردیان لە کیێڤی پایتەخت کردووەتە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکراینا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی ڕایگەیاند کە شەپۆلی هێرشەکان زیاتر لە 110 مووشەک و 400 درۆنی لەخۆگرتبوو. ئەم هێرشە ڕۆژێک دوای ئەوە هات کە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن هۆشداری دا کە ڕووسیا وەڵامی هێرشەکانی ئۆکراینا بۆ سەر پردی کرایمیا دەداتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕێکخراوی یونیسێف ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند کە لە 10 مانگی ئەمساڵدا 114 منداڵ لە ئۆکراینا کوژراون و هەزار و 30 منداڵی دیکەش بریندار بوون، کە ئەمەش نزیک دەبێتەوە لە ئاماری قوربانییانی ساڵی 2022 کە هەزار و 386 منداڵ بوو. لویس واتەریج، بەرپرسی یونیسێف، لە جنێڤ بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''منداڵان لە سەرانسەری ئۆکراینا فێردەبن دەنگی ئەو درۆنانە بناسنەوە کە بەرەو ڕوویان دێن.''

پێکانی پردەکانی کیێڤ و زیانگەیشتن بە باڵیۆزخانەکان

بەڕێوبەرایەتی سەربازیی شاری کیێڤ ڕایگەیاند کە لە پایتەخت شەش کەس کوژراون و 17 کەسی دیکەش بریندار بوون. سەرۆکی شارەوانیی کیێڤ ئاماژەی بەوە دا کە سێ لە کوژراوەکان کارمەندی فەرمانگەی ئاوی شارەکە بوون. ڤیتالی کلیچکۆی، سەرۆکی شارەوانی کیێڤ، ڕایگەیاند کە هەریەک لە پردەکانی پۆدیلسکۆ- ڤۆسکرێسێنسکی، دارنیتسکی و پیڤدێنی لەسەر ڕووباری دنیپرۆ زیانیان بەرکەوتووە و ئامۆژگاریی هاووڵاتیانی کرد ئۆتۆمبێلەکانیان لە ماڵەوە بهێڵنەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا پردەکانی کیێڤی وەک ڕێڕەوی گواستنەوەی چەک بەرەو بەرەکانی جەنگ وەسف کرد و ڕایگەیاند کە کارگەکانی بەرگری و دامەزراوەکانی وزەشی کردووەتە ئامانج.

سەرۆکی شارەوانی شاری لڤیڤی ئۆکراینا ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشێکی ڕووسیا بۆ سەر وێستگەی شەمەندەفەری سکنێلیڤ، دوو کەس کوژراون و لانیکەم 10 کەسی دیکەش بریندار بوون. هەروەها هێرشێک بۆ سەر نەخۆشخانەیەک لە شاری خارکیڤ بووە هۆی برینداربوونی چوار کەس. ئۆلێکساندەر سێلیڤێرستۆڤی، بەرپرسی ناوچەیی، لە فەیسبووک ڕایگەیاند کە لە هەرێمی چێرنیهیڤ درۆنێک ئاگری لە ماڵە-مۆزەخانەی لیۆنید کوچما، دووەم سەرۆکی ئۆکراینا، بەرداوە.

هێرشەکە تۆڕی کارەباشی گرتەوە. کۆمپانیای بەڕێوەبردنی تۆڕی کارەبا (Ukrenergo) فەرمانی بڕانی بەپەلەی کارەبای لە هەرێمەکانی لڤیڤ، زاکارپاتیا و ئیڤانۆ- فرانکیڤسک لە ڕۆژئاوای وڵات دەرکرد، هەروەها کۆمپانیای وزەی DTEK ڕایگەیاند کە بەشێک لە پێنج ناوچەی کیێڤ کارەبایان بڕاوە.

ڕۆژی هەینی فەڕەنسا داوای کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی کرد سەبارەت بە دوایین هێرشەکان. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا ژان نۆیل بارۆ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، ''ڕووسیا دەبێت باجی ئەمە بدات.''

گفتوگۆکان لەسەر گەرەنتییە ئاسایشییەکان

ئەم هێرشانە دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانانی ئۆکراینا لە بەرلین لە ڕۆژی پێنجشەممە هاتن، کە تێیدا جێرید کوشنەری نێردەی ئەمەریکا و زاوای سەرۆک دۆناڵد ترامپ ڕایگەیاند واشنتن توانیویەتی مۆسکۆ ڕازی بکات بەوەی بیر لە پێدانی گەرەنتیی ئاسایشی بکاتەوە کە هاوشێوەی بڕگەی بەرگریی هاوبەشی ناتۆ بێت.

کوشنەر بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، ''پێموایە ڕووسیاییەکانمان لەگەڵ ئەو چەمکەدا ڕاهێناوە کە هەر گەرەنتییەکی ئاسایشی بۆ ئۆکراینا لەسەر بنەمای ماددەی پێنجەم بێت.'' ئاماژەی بەوەش کرد کە سەرۆک ترامپ ''کراوەیە'' بەرامبەر بە گەرەنتییەکی لەو شێوەیە، هەرچەندە ''بێگومان دەبێت لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا بێت بۆ ئەوەی ئەو کارە بکات.''

کوشنەر گوتی سەرۆک ترامپ کە لە چین لەگەڵ پوتن و شی جینپینگی سەرۆکی چین کۆبووەتەوە، ''پەیامێکی زۆر بەهێزی بۆ هەردووکیان ناردووە سەبارەت بە خواست بۆ ئاشتی.'' گوتیشی، ''پێموایە ئەویش بەو باوەڕەوە گەڕاوەتەوە کە ئاشتی بەدیدێت.''

هەروەها سەرۆک ترامپ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا لە بەرلین کرد. بەپێی وتەی سەرۆکی فینلەندا، ئەلیکساندەر ستوب، سەرۆک ترامپ دوای جێهێشتنی چین لەناو فڕۆکەکەیەوە پەیوەندیی پێوە کردوون و پێی گوتوون پێویستە جەنگەکە کۆتایی بێت بۆ ئەوەی ئەوروپا بتوانێت پارەکانی لە کارە لەپێشینەکانی دیکەدا خەرج بکات. ستوب بە ڕۆژنامەی فینلەندایی هێلسینگین سانۆماتی گوت، "بە واتایەکی دیکە، هیچ داواکارییەک نەبوو بۆ ڕاگرتنی پشتیوانیکردن لە ئۆکراینا.''

ڕۆڵی خانمی یەکەم

خانمی یەکەمی ئەمەریکا مەڵانیا ترامپ ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز باسی لە ڕۆڵی خۆی کرد لە نێوەندگیریکردن بۆ ئاگربەستەکەی مانگی ڕابردوو لە دەوروبەری شاری ئۆلێشکی ئۆکراینا کە لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە.

ناوبراو گوتی لە مانگی حەوتدا لە کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگاداری نەهامەتییەکانی ئەو شارە بووە و سوودی لە پەیوەندییەکانی وەرگرتووە بۆ دەستپێکردنی کارکردن لەسەر ڕێککەوتنێک، کە چەند هەفتەیەکی خایاندووە.

مەڵانیا گوتی، ''لە هەموو وردەکارییەکدا بەشدار بووم، هەر لە چۆڵکردنەوە بۆ نەخۆشخانەکان، ڕێڕەوەکانی چۆڵکردن و تەنانەت پلانەکانی مینڕێژکردن و پووچەڵکردنەوەی مین.'' ئۆپەراسیۆنەکەی بە ''سەرکەوتنێکی گەورە'' ناوبرد و هیوای خواست ''ئاگربەستی زۆر زیاتر" بێنە ئاراوە.

بەپێی وتەی خانمی یەکەم، ئاگربەستە ناوخۆییەکە کە لە 27ـی مانگی دە تا 1ـی مانگی یازدە بەردەوام بوو، ڕێگەی بە گەیاندنی هاوکارییەکان و چۆڵکردنی نزیکەی 800 کەس دا. لەو کاتەوە ڕووسیا پێشنیاری چۆڵکردنێکی هاوشێوەی لە شاری کۆستیانتینیڤکای ڕۆژهەڵاتی ئۆکراینا کردووە کە ململانێی لەسەرە، بەڵام زێلێنسکی وەک هەوڵێکی ڕووسیا بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شارەکە ڕەتیکردەوە.

XS
SM
MD
LG