خوێندکارانی کورد لە تورکیا پشتگیری زانکۆکانی کۆبانی و ڕۆژئاوا دەکەن

بەردەم زانکۆی کۆبانی
بەردەم زانکۆی کۆبانی

دەستە و ڕێکخراوەکانی خوێندکارانی کورد لە زانکۆکانی تورکیا داوای پشتگیرییان بۆ زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانی کرد، لە کاتێکدا حکومەتی سوریا دەڵێت هەردوو زانکۆکە دەخاتە ناو سیستەمی زانکۆکانی دەوڵەتەوە. ئەم هەنگاوەی حکومەتی سوریا وەک هەوڵێک بۆ لەناوبردنی سیستەمی خوێندنی کوردی و خۆسەری لێکدەدرێتەوە.

کۆمەڵەی زمان و وێژەی کوردیی زانکۆی دیجلە (DUKET)، تۆڕی کلتووری کوردی (TÇK)، یانەی زمان و ئەدەبیاتی زانکۆی بینگۆل (BUDEK) و پلاتفۆرمی ڕۆژ کورد لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشی نووسراودا داوایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان، یونسکۆ و دامەزراوە ئەکادیمییەکان کرد ڕێگە نەدەن حکومەتی کاتی سوریا زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ و زانکۆی کۆبانی لە شاری کۆبانی بخاتە ژێر چەتری زانکۆکانی دیکەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دەبێت ناو، ناسنامە و هەموو بەشەکانی زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانی بپارێزرێن و بڕوانامەی خوێندکارەکانیان دانپێدانراو بێت. لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت کراوەتەوە ''ئەو تێکەڵکردن و یەکخستنەی کە خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی ئەم زانکۆیانە تێکبدات و پێگەی زمانی کوردی لەناوببات، قبوڵ ناکەین.''

محەمەد قاغزمانی، سەرۆکی کۆمەڵەی زمان و وێژەی کوردی زانکۆی دیجلە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لەبەر ئەوەی خوێندن بە زمانی کوردی لە زانکۆی ڕۆژئاوا و زانکۆی کۆبانی هیوای کوردانی لە سەرانسەری جیهاندا گەشاندووەتەوە، ئەوانەی لەم دۆخە ڕازی نین دەیانەوێت سەربەخۆیی ئەو زانکۆیانە پووچەڵ بکەنەوە."

زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ
زانکۆی ڕۆژئاوا لە قامیشلۆ

قاغزمانی ئاماژەی بەوە داوە کە نەبوونی خوێندن بە زمانی دایک مەترسی لەسەر پاراستنی ناسنامە دروست دەکات و گوتوویەتی ناچارن بۆ ئەم مافە بنەڕەتییە تێبکۆشن.

ناوبراو ئەوەی وەبیرهێناوەتەوە کە لە وڵاتانی ئەوروپایی خوێندکارانی زانکۆکان بۆ گۆڕانکاری و چاکسازی لە سیستەمەکانی خوێندندا هاتوونەتە سەر شەقام و ناڕەزایەتییان دەربڕیوە. هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئەوانیش ئێستا دەیانەوێت ئیتر لە زانکۆکاندا سیستەمی خوێندنی کوردی هەبێت و تێکنەچێت.

قاغزمانی ڕاشیگەیاند کە حکومەتەکانی تورکیا و سوریا لە گفتوگۆدان و دەیانەوێت ئەو هیوایانەی لە ناو خوێندکاراندا گەشەیان کردووە، کپ بکەنەوە.

زانکۆی ڕۆژئاوا لە ساڵی 2016 و زانکۆی کۆبانیش لە ساڵی 2017 دوای دامەزراندنیان، دەستیان بە خوێندن بە زمانی کوردی کرد.

حکومەتی کاتی سوریا لە ساڵی 2026ـدا بڕیاری دا ئەو زانکۆیانە بخرێنە ژێر چەتری زانکۆی فورات و زانکۆی حەلەبەوە.

خوێندکارانی زانکۆکانی ڕۆژئاوا و کۆبانی دەڵێن بە تێکەڵکردن و لکاندنیان، زمانی خوێندن دەبێتە عەرەبی و دژی بڕیارەکەی دیمەشق ناڕەزایەتی دەردەبڕن.

XS
SM
MD
LG