نەتەوە یەکگرتووەکان: هێرشە درۆنییەکان سەدان هاووڵاتی مەدەنییان لە سودان کوشتووە

پاشماوەی ئۆتۆمبێلێکی پیکاپی زرێپۆش لە هۆڵی پێشەوەی هوتێلێکدا دەبینرێت، کە لە شەڕدا وێران بووە، لە ناوەندی شاری خەرتووم، پایتەختی سوودان، ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی چواری 2026.
پاشماوەی ئۆتۆمبێلێکی پیکاپی زرێپۆش لە هۆڵی پێشەوەی هوتێلێکدا دەبینرێت، کە لە شەڕدا وێران بووە، لە ناوەندی شاری خەرتووم، پایتەختی سوودان، ڕۆژی یەکشەممە، 19ـی چواری 2026.

بەپێی ڕاپۆرتێکی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ماوەی 10 مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا زیاتر دوو هەزار و 230 هاووڵاتی مەدەنی لە سودان کوژراون، کە زۆربەیان بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بوون.

ڕاپۆرتەکە، کە ڕۆژی سێشەممە لەلایەن نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، هۆشداریش دەدات لەوەی کە لایەنە ناکۆکەکانی ئەو وڵاتە بەردەوامن لە پشتگوێخستنی یاسا نێودەوڵەتییەکانی تایبەت بە پاراستنی هاووڵاتییانی مەدەنی.

ڕاپۆرتە نوێیەکە هێرشە بەربڵاوەکانی سەر هاووڵاتییانی مەدەنی، بازاڕەکان، نەخۆشخانەکان و ژێرخانە سەرەکییەکانی دیکە بە بەڵگە دەکات، لە کاتێکدا شەڕ و پێکدادان لە نێوان هێزە چەکدارەکانی سودان، هێزەکانی پشتیوانیی خێرا و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکان بەردەوامە.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە لە نێوان مانگەکانی یەک و شەشدا لانیکەم هەزار و 390 هاووڵاتی مەدەنی کوژراون، کە زیاتر 80٪ـی ئەو کوژراوانە بەهۆی هێرشە درۆنییەکانەوە بوون. هەروەها لە نێوان مانگەکانی هەشت و 10ـدا 840 هاووڵاتی مەدەنی دیکە کوژراون، کە نزیکەی 520 کەسییان لە هێرشی درۆنیدا بووە.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوە داوە کە لە ماوەی ئەو 10 مانگەدا زیاتر لە هەزار و 630 هاووڵاتی مەدەنی بە هێرشی درۆنی کوژراون و هۆشداریشی داوە لەوەی ئەگەری هەیە ژمارەی ڕاستەقینەی قوربانییەکان لەوە زیاتر بێت.

کۆمیسیاری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڤۆڵکەر تورک، گوتی، ''ڕاستییەکان خۆیان دەدوێن. دەرەنجامەکانی ناو ڕاپۆرتەکەمان بەڵگەی زیاتر دەخەنە ڕوو، ئەگەر پێویست بە هیچ بەڵگەیەک هەبێت سەبارەت بە ئازار و مەینەتیی بێوچان و لە تاقەت بەدەری هاووڵاتییانی مەدەنی لە جەنگی سودان و پشتگوێخستنی بەردەوام و ئاشکرای یاساکانی جەنگ لەلایەن لایەنە شەڕکەرەکانەوە.''

تورک گوتیشی، ''لە سایەی بڵاوبوونەوەی دیاردەی دەربازبوون لە سزا، ڕاپۆرتەکە جارێکی دیکە پێشێلکارییە مەترسیدارەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی بە بەڵگە دەکات، کە ڕەنگە ئەم پێشێلکارییانە بگەنە ئاستی تاوانی جەنگ.''

ڕاپۆرتەکە هەریەک لە هەرێمەکانی کوردوفان و دارفووری سودانی وەک زەرەرمەندترین ناوچەکان بەهۆی هەڵکشانی هێرشە درۆنییە کوشندەکانەوە دەستنیشان کردووە و بەپێی ڕاپۆرتەکە هەردوو لایەنی ململانێکە هێرشیان بە بەکارهێنانی درۆن ئەنجام داوە.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کوردوفان زیاتر لە دوو لەسەر سێی قوربانییە تۆمارکراوەکانی مەدەنی لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2026ـدا تێدایە و دوای ئەویش دارفوور دێت. لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەو ماوەیەدا لانیکەم 39 هێرشی درۆنییان بۆ سەر بازاڕەکان، 20 هێرش بۆ سەر ئۆتۆمبێلی مەدەنی، 17 هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی سووتەمەنی و 16 هێرشیان بۆ سەر ناوەندە تەندروستییەکان بە بەڵگە کردووە.

ڕاپۆرتەکە هۆشداریشی داوە کە هێرشەکان، تاڵانکردن و کۆتوبەندەکانی سەر هاتووچۆ، دۆخی مرۆییان لە سودان خراپتر کردووە و بەهۆی نەبوونی ئاسایشی خۆراکەوە، مەترسیی قاتوقڕی و برسێتی لە بەشێک لە دارفوور و کوردوفان لە زیادبووندایە.

ڕاپۆرتە نوێیەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە لە نێوان 20 ـی مانگی دە و 4ـی مانگی یازدەدا، 29 هێرشی درۆنی کە دەدرێنە پاڵ هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، دامەزراوەکانی کارەبا و سووتەمەنییان لە 11 ویلایەتدا کردووەتە ئامانج، کە بووەتە هۆی بڕانی بەربڵاوی کارەبا و پەکخستنی نەخۆشخانەکان، دابینکردنی ئاو و بەرهەمهێنانی خۆراک.

کۆمیسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤ جەختی کردەوە لەوەی ''پێویستە لایەنەکانی ململانێکە هاووڵاتییانی مەدەنی بپارێزن و پابەندی ئەرکەکانیان بن لە چوارچێوەی یاسا نێودەوڵەتییەکاندا. جیهان چاودێری دەکات.''

هەریەک لە هێزە چەکدارەکانی سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا هیچ وەڵامێکیان سەبارەت بە دەرەنجامەکانی ڕاپۆرتەکە نەبووە. جەنگی سودان لە مانگی چواری ساڵی 2023ـدا، دوای ململانێی دەسەڵات لە نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانیی خێرا، هەڵگیرسا و تا ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار کەس.

لە پێشهاتێکی جیاوازدا، ڕاوێژکاری باڵای ئەمەریکا بۆ کاروباری عەرەبی و ئەفریقا، مەساد بۆڵس، دانی نا بە هەواڵی دەستگیرکردنی ئەحمەد هاروون، وەزیری پێشووی سودان و کەسایەتیی باڵای پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی دەسەڵاتداری پێشوو.

بۆڵس لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند کە ئەمەریکا تێبینیی دەستگیرکردنی ئەحمەد هاروون، وەزیری دەوڵەتی پێشوو بۆ کاروباری ناوخۆی سودان و سەرکردەی باڵای پارتی کۆنگرەی نیشتمانیی دەسەڵاتداری پێشووی، کردووە.

بۆڵس گوتی، ''ئەمەریکا سزای بەسەر بەڕێز هارووندا سەپاندبوو بەهۆی ڕۆڵی لەو تاوانە دڕندانەی دژی هاووڵاتییانی مەدەنیی سودان ئەنجام دراون. دەبێت چارەسەری ڕۆڵی تۆڕە توندڕەوە توندوتیژەکان و گرووپەکانی سەر بە ئیخوان موسلیمین بکرێت لە خۆشکردنی ئاگری ململانێکەدا و دەبێت لێپرسینەوە لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکرێت کە دەستیان هەیە لە بەردەوامیدان بە توندوتیژی لە سودان.''

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لێپرسینەوەی کردووە لە بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە ئەنجام دراون و هۆشداریی داوە کە بەردەوامیی دەربازبوون لە سزا مەترسی هەڵگیرسانی توندوتیژیی زیاتر و ئازاری زیاتری هاووڵاتییانی مەدەنیی لێدەکەوێتەوە.

XS
SM
MD
LG