وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا مارکۆ ڕوبیۆ هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر بەحرەین سەرکۆنە کرد و پشتگیریی واشنتنی بۆ ئەو وڵاتەی کەنداو دووپات کردەوە.
ڕوبیۆ لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ عەبدول لەتیف بن ڕاشد ئەلزەیانی وەزیری دەرەوەی بەحرەین، ڕۆژی دووشەممە، ئەو هێرشانەی ئێرانی سەرکۆنە کرد کە بەحرەینیان کردووەتە ئامانج و جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە پاراستنی ئاسایشی بەحرەین و سەرجەم هاوبەشەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی کەنداو کردەوە.
ئەم پەیوەندییە دوای نوێبوونەوەی هێرشە درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین هات، کە سوپای پاسدارانی ئێران ڕایگەیاندبوو بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکای کردووەتە ئامانج.
فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمەریکا (سێنتکۆم) ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕوونکردنەوەیەکدا بانگەشەی سوپای پاسدارانی ئێرانی ڕەتکردەوە و ڕایگەیاند چەند درۆنێکی هێرشبەر، کە لەلایەن سوپای پاسدارانەوە بەرەو بەحرەین هاوێژرابوون، بە سەرکەوتوویی ڕێگرییان لێکراوە.
لای خۆیەوە، حکومەتی بەحرەین ڕایگەیاندووە کە ژمارەیەک لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئێرانی پووچەڵ کردووەتەوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە هەردوو وەزیرانی ئەمەریکا و بەحرەین جەختییان لە بەهێزیی "هاوبەشیی ستراتیژیی درێژخایەن" لە نێوان ئەمەریکا و بەحرەین کردووەتەوە، کە تێیدا بەحرەین وەک ''هاوپەیمانێکی سەرەکیی دەرەوەی ناتۆ '' دادەنرێت.