ڕزگاربووانی ئێزدی لەبەردەم "کۆمیسیۆنی ڕاستی" گەواهی دەدەن

دایکێکی ئێزدی ڕۆژی 15ـی هەشتی 2023 لە گۆڕستانێک لە گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شەنگال دانیشتووە، لە سەر گۆڕی کۆمەڵێک لە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە.
دایکێکی ئێزدی ڕۆژی 15ـی هەشتی 2023 لە گۆڕستانێک لە گوندی کۆجۆی سەر بە قەزای شەنگال دانیشتووە، لە سەر گۆڕی کۆمەڵێک لە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژیی ساڵی 2014 لە لایەن داعشەوە.

ڕزگاربووانی ئێزدی لە جینۆسایدی داعش ڕۆژی دووشەممە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا گەواهییان لەبەردەم "کۆمسیۆنی ڕاستی" دا، کە یەکەم جارە کۆمیسیۆنێکی لەو جۆرە پاش دوازدە ساڵ سازبدرێت.

نزیکەی 30 ڕزگاربووی ئێزدی بڕیارە لە بۆنەکەدا، کە سێ ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵگەکانیان بخەنە ڕوو. کۆبوونەوەکە دەستپێشخەرییەکی کۆمەڵی مەدەنییە و بودجەکەی لەلایەن بەخشینی گشتیی بەریتانیاوە دابینکراوە و بڕیارە ڕاپۆرت بداتە حکومەتی بەریتانیا.

گەواهیدانی ئەو ڕزگاربووانە لەبارەی کوشتن، ئەشکەنجەدان، لاقەکردنی سێکسی، کۆیلەکردن و بەزۆر بەشوودان بڕیارە لەلایەن حەوت کۆمسیارەوە هەڵبسەنگێنرێت. یەکێک لەو کۆمیسیارانە بریتییە لە ناڤی پیلا کە براوەی خەڵاتی نوبێڵی ساڵی 2026ـی ئاشتییە. هەروەها یاسادانەرانی ئەڵمانیا و بەریتانیاش ئەندامن لەو کۆمیسیۆنەدا.

کۆمسیار هێلێنا کەنەدی لە وتاری سەرەتادا وتی، "هیچ بەرپرسیارکردنێکی مانادار نەبووە بۆ ئەو دڕندەییانەی لە 12 ساڵی ڕابردوودا ئەنجامدراون." هەروەها بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت، "لاقەکردن و بەکۆیلەکردنی ژنان و کچانی ئێزدی یەکێکە لە گەورەترین شەرمەزارییەکانی چەند دەیەی ڕابردوو."

چەکدارانی داعش ساڵی 2014 دەستیان گرت بەسەر ناوچەی بەرفراوانی سوریا و عێراق. چیای شەنگالیش کە شوێنی دێریرینی ئێزدییەکانە بەشێک بوو لەو ناوچانەی کە داعش خەلافەتی تێدا ڕاگەیاند و کۆمەڵکوژی ئێزدییەکانی کرد.

وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی ئاژانسی فڕانس پرێس، تێیدا ڕزگاربوونی ئێزدی ئەردەوان عەبدی (لای ڕاست)، ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم "کۆمیسیۆنی ڕاستی‌" لە شاری بەرلین گەواهی دا.
وێنەیەکی وەرگیراو لە ڤیدیۆیەکی ئاژانسی فڕانس پرێس، تێیدا ڕزگاربوونی ئێزدی ئەردەوان عەبدی (لای ڕاست)، ڕۆژی دووشەممە لەبەردەم "کۆمیسیۆنی ڕاستی‌" لە شاری بەرلین گەواهی دا.

پاش تێپەڕبوونی زیاد لە دەیەیەک بەسەر ئەو کارە دڕندانەدا کە تیایدا نزیکەی پێنج هەزار ئێزدی کوژران و نزیکەی شەش هەزار و 400 کەسیش بە کۆیلە گیران، هێشتاش زۆرێک لە ڕزگاربووان چیرۆکی نەهامەتییەکانیان نەگێڕاوەتەوە.

یەکێک لە ڕزگاربووان، نەجلە مەتوو، ئەوەی گێڕایەوە کە چۆن چەکدارانی داعش لە 15ـی هەشتی 2014 هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەیان لە گوندی کۆجۆ و باوک و براکەیان کوشت.

مەتوو بە کۆمیسیارانی وت، "پیاوەکانیان کوشت لەبەرئەوەی ڕازی نەبوون ئاینیان بگۆڕن. ناتوانم لەبیری بکەم کە داعش چیان لەگەڵم کرد."

مەتوو وتی چەکدارانی داعش گواستوویانەوە بۆ شاری موسڵ و لەوێ پشکنراوە و فرۆشراوە و بەخشراوە بە چەکدارێکی داعش.

خەبات لە پێناو دادپەروەریی

پاش ئەوەی مەتوو هەوڵی هەڵهاتن دەدات، دەستدرێژی سێکسی دەکرێتە سەر و دەفرۆشرێت بە چەکدارێکی دیکەی داعش. پاشان بۆ ماوەی چوار مانگ نزیک دەبێتەوە لە "لەبرسامردن"، پێش ئەوەی ئازاد بکرێت.

مەتووی تەمەن 39 ساڵ وتی کە هیوا دەخوازێت ڕۆژێک لە ڕۆژان لە دادگا ڕووبەڕووی ئەوانە ببێتەوە کە ڕفاندویانە و وتی "ئەوە دادپەروەریی من دەبێت."

سەنا نیعمەت یەکێکی دیکەیە لە شایەتحاڵەکان و هۆشداری دا کە جینۆسایدی دژی گەلەکەی "هێشتا بەردەوامە." ئەو تیشکی خستە سەر چارەنوسی زیاد لە دوو هەزار ئێزدی کە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن.

لێکۆڵەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندین وڵاتانی دیکە، کە ئەڵمانیا یەکێکە لەو وڵاتانە، ئەو کارە دڕندانەیەیان وەک جینۆساید ناساندووە. بەڵام دادگاییکردنی ئەو چەکدارانەی داعش کە ئەو کارانەیان ئەنجام داوە بەشێوەیەکی ناوخۆیی لە هەر وڵاتێکەوە ئەنجام دراوە.

زۆرێک لەوانەی لە عێراق زیندانیکراون لەسەر تاوانی دیکە سزادراون، وەک ئەندامبوونیان لە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.

مانگی حەوت، دادگایەک لە ئەڵمانیا تاوانی جینۆسایدی بەسەر ژن و مێردێکی عێراقیدا سەپاند بەهۆی بە کۆیلەگرتنی دوو کچی ئێزدی.

زۆرترین ژمارەی ئێزدی لە دەرەوەی عێراق لە وڵاتی ئەڵمانیا دەژین، و ئەڵمانیا مافی پەنابەریی داوە بە نزیکەی 230 هەزار ئێزدی.

بەڵام هێشتاش کردەکان بۆ لێپرسینەوە لەو تاوانە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی سنوردارن.

نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵی 2017 تیمێکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا بەناوی UNITAD بۆ لێپێچینەوە لە تاوانکارانی داعش. بەڵام ساڵی 2024 لەسەر داوای حکومەتی عێراق کارەکانی کۆتایی پێهێنا.

ڕێکخەرانی ئەم بۆنەیە هیوایان وایە کۆمیسیۆنی ئاشتەوایی لە بەرلین بتوانێت هەوڵەکانی بەهێزتر بکات بۆ دابینکردنی دادپەروەریی بۆ ئێزدییەکان.

کۆمسیار هێلێنا کەنەدی بە ئاژانسی فرانس پرێسی وت، "ئێمە داوا دەکەین دادگاییەکی شیاو دابمەزرێت و بەڕاستی پێویستە نەتەوە یەکگرتووەکان لەو بارەدا ڕۆڵی خۆی ببینێت."

XS
SM
MD
LG