پێنج وڵاتی ئەوروپایی پلانی گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ڕواندا ڕادەگەیەنن

لە چەپەوە بۆ ڕاست: وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، وەزیری ناوخۆی نەمسـا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، ڕاوێژکاری باڵای نەمسـا، وەزیری ناوخۆی ڕواندا، وەزیری کۆچی یۆنان و وەزیری کۆچی دانیمارک گفتوگۆیان لەسەر "ناوەندەکانی گەڕاندنەوەی" پەنابەران بۆ ڕواندا کرد.
لە چەپەوە بۆ ڕاست: وەزیری دەرەوەی هۆڵەندا، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا، وەزیری ناوخۆی نەمسـا، سەرۆکوەزیرانی دانیمارک، ڕاوێژکاری باڵای نەمسـا، وەزیری ناوخۆی ڕواندا، وەزیری کۆچی یۆنان و وەزیری کۆچی دانیمارک گفتوگۆیان لەسەر "ناوەندەکانی گەڕاندنەوەی" پەنابەران بۆ ڕواندا کرد.

پێنج وڵاتی یەکێتی ئەوروپا کە بریتین لە ئەڵمانیا، نەمسا، دانیمارک، هۆڵەندا و یۆنان پلانێکیان بۆ دروستکردنی ناوەندێکی ناردنی کۆچبەرانی نایاسایی لە ئەوروپاوە بۆ وڵاتی ڕواندا ڕاگەیاندووە کە یەکەمین ناوەندی ناردنەوەی کۆچبەرانی نایاساییە لە دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا.

ئەو پلانە کە لەلایەن گرووپەکانی مافی مرۆڤەوە ڕەخنەی زۆری لێ گیراوە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ڤییەنای پایتەختی نەمسا ڕاگەیەندرا. کریستیان ستۆکێر، ڕاوێژکاری نەمسا، ڕایگەیاندووە ئەو وڵاتانە پلانیان هەیە ساڵی داهاتوو یەکەم "ناوەندی گەڕاندنەوە" لە ڕواندا بکەنەوە.

ستۆکێر وتی، "ئەگەر نەتوانرێت کۆچبەرە نایاساییەکان بگەڕێننەوە بۆ وڵاتی خۆیان، ئەوا دەنێردرێن بۆ وڵاتی سێیەم، وەک ڕواندا."

هەروەها ڤینسێنت بیروتا وەزیری ناوخۆی ڕواندا ڕایگەیاندووە ئەو پلانە دەرفەتی دووەم دەدات بەو کەسانەی مافی نیشتەجێبوونیان لەو پێنج وڵاتە ئەوروپاییەدا نییە.

مارکوس لامێرت، وتەبێژی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، لە سەروبەندی کۆبوونەوەکەدا پێشوازی لە پلانەکە کرد و وتی کە یەکێتی ئەورووپا "لە نزیکەوە بەدواداچوونی بۆ ئامادەکارییەکانی ئەم بەرنامەیە کردووە."

چوار ساڵ لەمەوبەر بەریتانیا لەگەڵ ڕواندا گەیشتە ڕێکەوتنێکی هاوشێوە کە بەپێی ئەو ڕێککەوتنە پەنابەران پێش ئەوەی پێداچوونەوە بۆ کەیسەکانیان بکرێت، ڕەوانەی ڕواندا بکرێن، بەڵام لەندەن وازی لە پلانەکە هێنا پێش ئەوەی بتوانرێت جێبەجێبکرێت.

ڕواندا یەکێکە لەو چەند وڵاتە ئەفریقاییەی کە لە ماوەی دوو ساڵی دوای دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترامپ، پەنابەرانی ئەمەریکایان لە ژێر پلانێکی هاوشێوە وەرگرتووە.

XS
SM
MD
LG