کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ: بە دوو مووشەک هێرش کرایە سەر بارەگایەکمان لە دۆڵی بالیسان

وێنەی ئەرشیف: پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دوای هێرشێکی ئێران بۆ سەر بارەگایەکیان لە زڕگوێز لە سالێ 2022.
وێنەی ئەرشیف: پێشمەرگەکانی کۆمەڵە دوای هێرشێکی ئێران بۆ سەر بارەگایەکیان لە زڕگوێز لە سالێ 2022.

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند، ڕۆژی دووشەممە بارەگایەکی ئەو حیزبە لە دۆڵی بالیسان لە هەرێمی کوردستان بە دوو مووشەک کراوەتە ئامانج، بەڵام هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و مادی لێ نەکەوتووەتەوە.

ئیدریس کولاهدوزی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی پەیوەندییەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕ لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای گوت، هێرشەکە لە دوای نیوەڕۆ بە کاتی هەرێمی کوردستان ڕوویداوە و دوو مووشەک بەر دەروازەی دەرەوەی بارەگاکەیان کەوتوون.

کولاهدوزی گوتی, "هێرشەکە لە ڕێگەی دوو مووشەکەوە بوو بۆ سەر پرسگەی بارەگاکەمان، واتا دەرگای دەرەوەی بارەگاکەمان لە دۆڵی بالیسان. خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی و ماڵی لێ نەکەوتووەتەوە."

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران یەکێکە لە حیزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگای هەیە.

هێرشەکە، کە گومان دەکرێت لەلایەن ئێرانەوە کرابێت، لە کاتێکدایە وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حسێن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند گفتوگۆکان لەنێوان بەغدا و هەولێر و تاران سەبارەت بە چارەنووسی ئەندامانی حزبەکانی ڕۆژهەڵات کە لە هەرێمی کوردستان جێگیرن، بەردەوامن و چەند بژاردەیەک بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆسیەیە خراونەتەڕوو، لەوانەش دەرکردنی بڕیارێکی لێبوردن بۆ گەڕانەوەی ئەندامانی ئەو حزبانە بۆ ئێران، بە مەرجی دابینکردنی زەمانەتی پاراستنی ژیانیان.

XS
SM
MD
LG